بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی: نرخی گۆشت کۆنتڕۆڵ دەکەین
__2024_02_26_h19m51s35__HK.jpg)
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی پێی وایە، بەرزبوونەوەی نرخی گوشت لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان زیاتر پەیوەستە بە بازاڕی جیھانییەوە و دەڵێ: ڕێگە نادەین نرخەکەی زیاتر بەرز ببێتەوە و کۆنتڕۆڵی نرخی گوشت دەکەن.
نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەرزبوونەوەی نرخی گۆشت بۆ چەندین ھۆکار دەگەڕێتەوە، بەشێکی پەیوەستە بە بازاڕی جیھانییەوە و نرخی ھەندێ کەلوپەل و خۆراک ھەر لە سەرچاوەوە گرانە، بەڵام ڕاگرتنی ترانزێت لەلایەن ئێرانەوە و زیادکردنی باج لەلایەن تورکیاوە دوو ھۆکارن بۆ بەرزبوونەوەی نرخی گوشتی سۆر لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستان، ھۆکارێکی دیکەی بۆ کەمی بەرھەمی ناوخۆ دەگەڕێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی دەشڵێت: ئێمە لە ھەوڵداین بۆ ئەوەی نرخی گوشتی سۆر زیاتر بەرز نەبێتەوە و سنوورێکی بۆ دیاری دەکرێت، لیژنەکانی چاودێری بازرگانی بەردەوامن لەسەر ئەرکەکانیان بۆ چاودێری بازاڕ و دیاریکردنی نرخ، یەکێک لەو پێداویستیانەی زیاتر چاوی دەخرێتە سەر نرخی گوشتە لە بازاڕەکاندا.
لەبارەی ئەوەی نرخی کیلۆیەک گوشت بۆ ٣٥ ھەزار بەرز دەبێتەوە نەوزاد شێخ کامیل گوتی: بە ھیچ شێوەیەک ئەو زانیاریانە ڕاست نین و نرخی گوشت زیاتر بەرز نابێتەوە و ناگاتە ئەو نرخە، ئێمە بە ھەر شێوەک بێت کۆنتڕۆڵی نرخی گوشت دەکەین و ناھێڵین بگاتە ئاستێکی وەھا بەرز لە توانای ھاووڵاتییاندا نەبێت.
قائید میرۆ




