دکتۆر محەمەد شوکری: یەکەکانی نیشتەجێبوون لە ھەرێمی کوردستان تاپۆ دەکرێن

ھەولێر _KDP.info_ سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان گوتی: بڕیاردراوە یەکەکانی نیشتەجێبوون لە ھەرێمی کوردستان تاپۆ بکرێن کە ٢٢٨ھەزار و ٨٥٩ یەکەی نیشتەجێبوون لە ھەرێم ھەیە.
دکتۆر محەمەد شوکری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بڕیار دراوە سەرجەم یەکەکانی نیشتەجێبوون وەکو شوقە و خانوو و ڤێلا لە ھەرێمی کوردستان لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆبکرێن کە بەپێی داتای بەردەستی ئێمە لە ھەرێمی کوردستان ٢٢٨ھەزار و ٨٥٩ یەکەی نیشتەجێبوونی تاپۆنەکراو هەیە و بۆیان تاپۆ دەکرێن.
دکتۆر محەمەد شوکری گوتیشی: ئەو یەکانەی لە چوارچێوەی پڕۆژەکانی دەستەی وەبەرھێنان دروست کراون و گرێبەستیان بۆ کراوە تاپۆ نین، بۆیە دەمانەوێت ئەوانە لەسەر خاوەنەکانیان تاپۆ بکرێن.
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان ڕوونیشی کردەوە، تاپۆکردنی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون وەکو ھاندانێکە بۆ وەبەرھێنەران تاوەکو لەو ڕێگەیەوە زیاتر کەرتی وەبەرھێنان ببوژێتەوە، بۆیە ئەو بڕیارە کارگەکان و پڕۆژە پیشەسازییەکان و نیشتەجێبوونیش دەگرێتەوە و ھاووڵاتییان لەمەودوا دەتوانن دوای ئەوەی ئەو یەکانە دەکڕن ڕاستەوخۆ تاپۆی بکەن.
بڵند ئیبراھیم




