لیژنەی ئاسایش و بەرگری: زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ بەسەر ڕووداوی ھەولێر تێپەڕیوە تەنیا ئیدانەکراوە
__2024_02_26_h15m42s47__ER.jpg)
بەغدا _KDP.info_ جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی: ڕووداوەکەی ھەولێر زۆر گەورە بوو، پێویست بوو ھەر ئەو کات بڕیاری پێویستی لێ بدرێت نەک تەنیا ئیدانەکردن، چونکە ئەوەی ئێستا ھەیە ھیچ ئەنجامێکی لێکۆڵینەوە نەبووە و تەنیا ئیدانە بووە ئەوەش ھیچ سوودێکی نییە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، سەگڤان سندی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: زیاتر لە ٤٠ ڕۆژ بەسەر ڕووداوەکەی ھەولێردا تێپەڕیوە تا ئێستاش ئەنجامی نەبووە، ڕاپۆرت ئامادەکراوە و تەنیا ماوە ڕاسپاردەکان بنووسین، ئێستا سەرۆکی لیژنەی ئێمە بۆتە پارێزگاری دیوانییە و پێویستە سەرۆکێکی تازە دیاری بکرێت ئەوکات ڕاسپاردەکان بنووسین و بدەینە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق.
سەگڤان سندی گوتیشی: ئەوەی ھەیە دەستی دەستی پێ دەکرێت و لیژنەکەش کاری خۆی کردووە، بەڵام جدیات نییە لەوەی کاری لەسەر بکرێت، چونکە چەندین لیژنە پێکهێنراوە و ھیچ ئەنجامێکی نەبووە، لەبەر ئەوەی لەناو ھەولێر ماڵی ھاووڵاتییەکی سڤیل کراوەتە ئامانج و شەھید و بریندار ھەیە و تۆمەتیش دروست کراوە پێویست بوو ئەنجامێکی بەھێزی ھەبووایە بەداخەوە تا ئێستا ھیچ ئەنجامێکی نەبووە، پێویست بوو لەو کاتەوە بڕیاری پێویست لەلایەن حکوومەتەوە درابووایە، چونکە ئەوەی ھەیە تەنیا ئیدانەکردنە و ھیچی دیکە نییە ئەوەش بێ سوودە.
بڵند ئیبراھیم




