ئەو پڕۆژەیەی سەرۆکی حکوومەت لە ھەڵەبجە بەردی بناغەی بۆ دانا دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت
__2024_02_25_h15m41s41__ER.jpg)
ھەولێر _KDP.info_ بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: دوای ئەوەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردی بناغەی پڕۆژەی ڕێگای (ھەڵەبجە _ توەقو)ی دانا، ھەموو ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە تەواو بوونە و دراوەتە دوو کۆمپانیا و پێویستە دەست بە جێبەجێکردنی بکەن.
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر ئاگرین عەبدوڵا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەو ڕێگایەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردی بناغەی بۆ دانا ڕێگای (هەڵەبجە _ توەقوت _ گلیجە)یە و پردێکیشی تێدایە، دراوەتە دوو کۆمپانیا و پێویستە دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکەن، ڕێگایەکی گرنگ و ستراتیژییە و گوژمەی تەرخانکراویش بۆ پڕۆژەکە ٣٠ ملیار دینارە.
دکتۆر ئاگرین عەبدوڵا گوتیشی: جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیە بۆ ھەڵەبجە و خەڵکی ھەڵەبجە زۆر گرنگە، دەیان گوند دەکەونە سەر ئەو ڕێگایە و پارێزگای ھەڵەبجەش بە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیانەوە دەبەستێتەوە، بۆیە ڕێگایەکە گرنگی زۆری ھەیە و بە تەواوکردنی خزمەتێکی باشی خەڵکی ھەڵەبجە دەکات.
عەبدوڵا ڕوونیشی کردەوە: خۆی ڕێکارەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە ھەمووی تەواو بووە و تەنیا ماوە کۆمپانیاکان دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکە بکەن، چونکە سەرۆکی حکوومەت بەردی بناغەی بۆ داناوە، تەنیا ئەوە دەمینێت دەست بەکارکردن و جێبەجێکردنی بکرێت.
بڵند ئیبراھیم




