سەرۆکی بۆردی وتاری ھەینی لە ھەرێم: ڕێکسختنەوەی وتاری ھەینی کاریگەری زیاتر لەسەر خەڵک و کۆمەڵگا دەبێت

ھەولێر _KDP.info_ سەرۆکی بۆردی وتاری ھەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: ڕێکخستنەوەی وتاری ھەینی و دیاریکردنی ناونیشانی وتاری ھەینی بۆ ماموستایانی ئاینی فەرزکردن نییە، بەڵکو بۆ ئاسانکارییە بۆ مامۆستایان و کاریگەری زیاتریشی لەسەر خەڵک و کۆمەڵگا دەبێت.
سەرۆکی بۆردی وتاری ھەینی لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە ٢٠١٦وە وەزارەتی ئەوقاف ڕێکخستنی وتاری هەینی دەستپێکردووە، دوای ئەنجامدانی کۆنفرانسێک بۆ گۆڕانکاری لە وتاری ئاینی بەشێوەیەکی گشتی و یەکێک لە ڕاسپاردەکان وتاری ھەینی ناونیشانی ڕێکبخرێتەوە بەشێوەیەکی وا کاریگەری لەسەر خەڵک و کۆمەڵگا ھەبێت، ئەو بۆردە وەکو لیژنەیەکە ژمارەیەک مامۆستای ئاینی لەخۆ دەگرێت و ھەفتانە کۆدەبینەوە و چەند ناونیشانێک بۆ وتاری ھەینی ھەفتە پێشنیار دەکرێت و ناونیشانەکانیش لەلایەن زۆرینەی مامۆستایانی ئاینی کە لە ھەموو ھەرێمی کوردستان دێن، دوو ناونیشان دیاری دەکرێن کە بۆ ئەو ھەفتەیە گرنگ و پێویستن وەکو ھەر بابەتێک کە پێویست یان بابەتی ڕۆژ بێت، دەیانکەینە ناونیشانی ھەفتە و بۆ ھەر یەکێکیش ژمارەیەک سەرە نوقاتی بۆ دەنووسین بۆ ئاسانکاری بۆ مامۆستایان و مامۆستایانیش دەتوانن زیاتر بابەتەکە فراوان بکەن.
دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد گوتیشی: بەشێکی مامۆستایانی ئاینی وا تێگەیشتوون ئێمە وتاری ھەینی لەسەر ماموستا فەرز دەکەین، پێویستە ئەوە بخوێننەوە، ئەوە فەرزکردن نییە و تەنیا ناونیشانە و مامۆستا خۆی ئازادە لە دەوڵەمەندکردنی و باسکردنی ھەر بابەتێکی تایبەتیش کە لە سنوورەکەی خۆی پێویستبێ دەتوانی لە وتاری دیاریکراو بەشێکی تایبەت بکات بەو بابەتە، بۆ نموونە ٢٠ تا ٣٠%ی وتاری خۆی، بۆیە باشترە مامۆستایان پابەندی ئەو ناونیشانانە بن، مامۆستایان درێغیان نەکردووە و سودیشیان لێ وەرگرتووە.
وتاری ھەینی بەردەوامە و پێویستی بەوە ھەیە ناونیشانیان بۆ دیاری بکرێت بۆ ڕێکخستنەوەی وتاری ھەینیشە، لەبەر ئەوەی ئەگەر کۆمەڵێک مامۆستا یەک بابەت باس بکەن کاریگەری زیاتر لەسەر کۆمەڵگا و خەڵک دەبێت، بۆیە ئومێدەوارین مامۆستایان زیاتر پابەندبن و هەماھەنگیمان لەگەڵ بکەن و پێشنیاری خۆیشیان بۆ ناونیشانەکان بنێرن تاوەکو بیکەینە ناونیشانی وتارەکانی ھەینی، چونکە ئەوەی ئەوان و ئەوەی ئێمەش دوور نین لەیەکتر.
حەداد باسی لەوەش کرد: ئەوانەی پابەند نابن ئەوە وەزارەتی ئەوقاف دەزانێت چ ڕێکارێک دەگرنە بەر و ئێمە تەنیا ناونیشانی وتارەکان دادەنێین، ئێمەش ئەو باباتانەی کۆمەڵگا پێویستی پێ ھەیە، لەگەڵ ئەو ڕووداوانەی مێژووی و نیشتیمانی و جیھانین باس دەکەین، چونکە پێویستە وتاری ھەینی لەگەڵ واقعی ڕۆژ بڕوات، واقعی وڵاتی ئێمە چی پێویستە ئەوە باس بکرێت نەک بابەتانێک ساڵانێکی بەسەردا ڕۆیشتووە بۆیە پێویستە شێوازی وتارەکانیشمان نوێ بکەینەوە.
بڵند ئیبراھیم




