بەرواری بۆ KDP: سەرۆکی ھەرێم لەم ھەفتەیەدا وادەی ھەڵبژاردن دیاری دەکات

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە لەم ھەفتەیە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ لایەنەکان وادەی ھەڵبژاردن دیاری بکات و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بۆ ئەو ھەڵبژاردنە ئامادەیە.
عەبدولسەلام بەرواری، بەشداربووی کۆبوونەوەی ڕابردووی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمسیۆن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق پێش ھەفتەیەک ھاتنە ھەرێمی کوردستان لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان کۆبوونەوەیەک ئەنجامدرا و خشتەیەکیان پێشکەشکرد ئەگەر ھاتوو دادگا بڕیاری خۆیدا ئەوان دەست بەکاری خۆیان دەکەن و دەتوانن ٥ بۆ ١٠ی مانگی شەش ھەڵبژاردن ئەنجامبدەن و ئەوان پێویستیان بەنزیکەی مانگێک ھەیە بۆ ئەوەی بتوانن تاوەکو ئەنجامەکان ڕابگەیەنن، بۆیە پێویستە پێش تەواوبوونی وادەی ئەوان ھەڵبژاردن بکرێت".
عەبدولسەلام بەرواری گوتیشی: "ئێمە سەیرمان کرد ئەوان ئامادەییان پێشاندابوو ٤٠ ڕۆژ پێش کۆتایی ھاتنی ماوەکەیان ھەڵبژاردن ئەنجامبدەن و ئێمە دەتوانین وادەیەکی نزیکتر دیاری بکەین، بۆیە ھیچ کێشەیەک نابێت بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و سەرۆکایەتی ھەرێم بەفەرمیی لەم ھەفتەیە وادەی ھەڵبژاردن دیاری دەکات و ئێستا سەرۆکی ھەرێم ڕاوێژ لەگەڵ لایەنەکان دەکات و ھیچ لایەنێک ناتوانێت ببێتە رێگر و ئەوەی بەھانەش بگرێت ئەوە کارێکی دیکەیە، ئەگەرنا بەپێی خشتەی ئەوان دەتواندرێت لەسەرەتای مانگی شەش ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت".
بەرواری باسی لەوەشکرد: "وەزارەتی پەروەردەش باسی لەوەکرد تاقیکردنەوەکانی ئەوان لە کۆتایی مانگی پێنج تەواو دەبێت و ئەوان دەتوانن ھاوکار بن و نابنە کێشە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن".
لەبارەی ھەڵوێستی پارتیش بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان، ناوبراو گوتی: "پارتی ھیچ گرفتێکی نیە بۆ ھەڵبژاردن و پارتی لەساڵی ٢٠٢٢ ئامادەبوو و ئەوانەی گلەییشیان دەکرد پارتی باسی لەوەکرد گرنگە ھەڵبژاردن بکرێت، چونکە پارتی ھەموو شتێک دەکاتە قوربانی بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت، بۆیە پارتی تاکە حیزبە لە ھەرێم کێشەی ناوخۆیی نیە و بەربەست نیە ھەڵبژاردن بکرێت و بەپێچەوانەی ھەموو حیزبەکان ئامادەیە بۆ ھەڵبژاردن".
بڵند ئیبراھیم




