وەزارەتی پەروەردە پلاتفۆڕمی "کتێبخانە و راهێنان"ـی راگەیاند

ھەولێر-KDP.info- وەزیری پەروەردە رایگەیاند، داتای حەوت هەزار قوتابخانەی حکوومی و ناحکوومی تۆمارکراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردە رایگەیاند، توانیومانە زیاتر لە حەوت هەزار قوتابخانەی حکوومەی و ناحکوومی تەواوی داتاکان تۆمار بکەین. چۆن بتوانین ئەم سیستەمە پەرەی پێبدەین بەردەوامیکەین و خزمەتگوزارییەکان فراوان بکەین لە رێگەی پلاتفۆڕمەوە.
وەزیری پەروەردە گوتی: "هەموو ئەو گرفتانەی لەسەر رێگامان بوون لە نەبوونی قوتابخانەی گوندەکان، نەبوونی ئینتەرنێت، نەبوونی کەرەستەی پێویست لەناو ناوەندەکانی خوێندن لە گرفتە سەرەکییەکان بوون، بەڵام بە پشتیوانی راستەوخۆی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ پرۆسەی پەروەردە و بە دیجیتاڵکردن و دابینکردنی پێداویستییەکان، تا ئێستا شەش هەزار لاپتۆپ بەسەر ناوەندەکانی خوێندندا دابەشکراوە".
ئالان حەمە سەعید راشیگەیاند، ئامادە بوونی ناوەندەکانی نا حکوومیش تێکەڵ بوون بەم سیستەمە بەتایبەت بەکارهێنەرانی ئەم سیستەمە رۆڵیکی گرنگیان هەبووە، ئێستا ژمارەیان لە 11 هەزار بەکارهێنەری خوێندن تێپەڕ دەکات، ئەمەش جیا لە ئیدارەکانی خوێندنگەکان ئەم کارەیان ئەنجامداوە.




