چەند خاڵێکی پاسەوانی سنوور لە شیلادزێ جێگیر دەکرێن
__2024_02_24_h19m23s7__HK.jpg)
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو هێزەکانی پاسەوانی سنوور لە ژمارەیەک خاڵی سنووریی لە ناحیەی شیلادزێ جێگیرکران، بەڕێوەبەری شارەدێی شیلادزێش دەڵێ: مەبەست لە جێگیرکردنی پاسەوانی سنوور لە ناوچەکە پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتییانە لە شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا.
ڕزگار سارکی، بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سنووری ناحیەی شیلادزێ لە ٩٢ گوند پێکھاتووە، بەڵام بە ھۆی کێشە و ئاڵۆزییە سنوورییەکان تەنیا ھەشت گوندی ناحیەکە ئاوەدانن و ٨٤ گوندیش ھێشتا خەڵک ناتوانێت بگەڕێتەوە و ئاوەدان نەکراونەتەوە، ئەو گوندانە دوای خیانەتی جەزائیر بەشێکی زۆری خەڵکەکەی ئاوارەی تورکیا و ئێران بوون و بەشێکی دیکەیان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە بە زۆرەملێ گواسترانەوە بۆ کۆمەڵگا زۆرەملێیەکان.
بەڕێوەبەری ناحیەی شیلادزێ دەشڵێت: دوای ڕاپەڕین خەڵکی ناوچەکە ئومێدیان بۆ پەیدابوو جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە سەر گوندەکانیان و ئاوەدانی دەکەنەوە، بەڵام بەھۆی ھەبوونی بنکە و بارەگای چەکدارانی پەکەکە و بەردەوامی شەڕ و پێکدادانی نێوان پەکەکە و سوپای تورکیا گوندنشینان نەیانتوانی بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان، بەداخەوە ئاوەدان نەبوونەوەی ئەو ھەموو گوندە کاریگەری ئابووری و کۆمەڵایەتی لێکەوتووەتەوە و خەڵکی ئەو گوندانە لەنێو شارەکاندان نیشتەجێن و لە ھەموو بەرھەمێکی گوند بێبەش بوونە.
ڕزگار سارکی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بە مەبەستی دوورخستنەوەی شەڕ و پاراستنی سەروماڵی ھاووڵاتییان لە چەند رۆژی ڕابردوو پاسەوانانی سنوور لە ژمارەیەک خاڵی سنووری جێگیرکران، چونکە زۆر جار بەھۆی نزیکی لە بەرەکانی شەڕ و ھێڵی تەماس ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان دەبنە قوربانی شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا.
قائید میرۆ




