حەسەن مەجید: پێشبینی دەکەین پارتی و یەکێتی کۆببنەوە
__2024_02_24_h17m57s32__HK.jpg)
سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ئاشکرایکرد، پارتی و یەکێتی لە بارەی پرسی کەرکووک کۆدەبنەوە و دەشڵێ: پارتی ڕژدە لەسەر دانانی پارێزگارێکی کوردی خاوەن ئەزموون و لێھاتوو بۆ کەرکووک تا خزمەتی ھەموو پێکھاتەکان بکات.
حەسەن مەجید، سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە ھەموو ڕوویەکەوە ھەوڵەکان بەردەوام دەبن بۆ دانانی پارێزگارێک بۆ کەرکووک، لەمەودوا دانیشتەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک گەرمتر دەبن، تا تێگەیشتن لەنێوان لایەنە سیاسییەکان دروست بێت بۆ ئەوەی بتوانین لە داھاتوودا ئەو بەستەڵەکەی ئێستا لەنێوان لایەنە براوەکان ھەیە بشکێ و بگەینە ئەنجامێک بۆ دیاری کردنی پارێزگارێک کە ڕەزامەندی ھەموو لایەنە سیاسییەکانی لەسەر بێت.
لەبارەی ئەگەری کۆبوونەوەی پارتی و یەکێتیش سەرۆکی لیستی پارتی گوتی: زانیاری وردم لا نییە بەڵام پێشبینی دەکەین کۆبوونەوە ھەبێت لە نێوان پارتی و یەکێتی لەبارەی پرسی پارێزگاری کەرکووک، بەڵام کات و شوێنی کۆبوونەوەکە بەتەواوەتی نازانم.
حەسەن مەجید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پارتی جەخت لەسەر دانانی پارێزگارێکی کوردی خاوەن ئەزموون دەکاتەوە بۆ کەرکووک، چونکە کەرکووک شارێکی فرە نەتەوە و پێکهاتەیە، پێویستە کەسێک بکرێتە پارێزگار تەکنۆقرات و لێهاتوو بێت و خزمەتی ھەموو لایەن و پێکھاتەکانی کەرکووک بکات بە ھەموو ڕەنگە جیاوازەکانەوە.
قائید میرۆ




