٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرەتای مانگی داھاتوو کۆبوونەوەیەک بۆ یەکلایی کردنەوەی پۆستەکانی پارێزگای کەرکووک ئەنجام بدرێت

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک _KDP.info_ بڕیارە ئەم ھەفتەیە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات و سەرەتای مانگی داھاتوو جارێکی دیکە بە بەشداری ھەموو لایەنەکان لە بەغدا کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدرێت بۆ یەکلایی کردنەوەی پۆستەکانی پارێزگای کەرکووک کە پارتی داوای کردووە پارێزگارێکی کوردی سەربەخۆ بۆ شارەکە دابنرێت و خزمەتی ھەموو خەڵکی کەرکووک بەبێ جیاوازی بکات.

لوقمان حوسێن، ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە "کەرکووک _ کەرمیان" ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بڕیارە دوای کۆبوونەوەی لایەنەکان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لە بەغدا ئەم ھەفتەیە ئەنجوومەن کۆبوونەوەیەک ئەنجام بدات، بەڵام تا ئێستا ھیچ رێککەوتنێک ئەنجام نەدراوە، بەڵام ئێمە ھەوڵ دەدەین پارێزگارێکی کورد بۆ کەرکووک دابنرێت، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەکی باڵامان ھەیە لە گفتوگۆ دایە لەگەڵ لایەنەکان و تا ئێستاش نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن، جارێش ھیچ کەسێک بە فەرمیی دیاری نەکراوە، لەبەر ئەوەی پێویستە سەرەتا ڕێککەوتن بکرێت کە پاێزگار کورد بێت ئەو کات کاندید دیاری بکرێت، لەبەر ئەوەی دەمانەوێت کەسێکی کوردی بێلایەن و شارەزابێت و خزمەتی ھەموو خەڵکی کەرکووک بکات، مەرجیش نییە کاندیدەکە لە لایەنێکی دیاریکراو بێت.
لوقمان حوسێن باسی لەوش کرد: ھەر لایەنێک و پێکھاتەیەک ڕا و بۆچوونی خۆی ھەیە، بەڵام بۆ یەکلایی کردنەوەی پۆستەکان پێویستە بە ڕێککەوتنی ھەموو لایەنەکان بێت، ئەوەی باسیش دەکرێت گوایە دەکەوێتە بۆشایی یاسایی .. زەحمەتە ئەوە ڕووبدات، لەبەر ئەوەی کەرکووک تایبەتمەندی خۆی ھەیە و ئەوانەی بە کاری گفتوگۆکانیش ھەڵساون ئاگاداری ئەو بابەتەن، ئەوەی گرنگە ئەوەیە کوردێک ببێتە پارێزگاری کەرکووک.

حەسەن شێخانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ھەوڵدەدرێت بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوە ئەنجام بدات بە مەبەستی نووسینەوەی  دستبەکاربوونمان چونکە ماوەی مانگێک زیاترە ناوەکانمان بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پەسەند کراوە و ھێشتا دەستبەکاربوونمان نەنووسراوە، تەنیا سوێندی یاساییمان خواردووە، نامانەوێت بکەوینە بۆشایی یاسایی، تا یەکەم دانشتنیش نەکرێت ناتوانین دەستبەکاربوون بنووسین.

حەسەن شێخانی گوتیشی: لە بەغدا لە چەند ڕۆژی ڕابردوو دانیشتنێک بە بەشداری لایەنە براوەکانی ھەڵبژاردن لەبارەی کەرکووکەوە بەڕێوەچوو، بڕیارە ڕۆژی ٣/٣/٢٠٢٤ ھەر لایەنێک کارنامەی خۆی ئامادە بکات بۆ دانیشتن و بچن بۆ کۆبوونەوە و گفتوگۆی لەسەر بکرێت و بگەنە ڕێککەوتنێک و ئەنجوومەن کۆبێتەوە و پۆستەکانی کەرکووک یەکلایی بکرێنەوە.
شێخانی باسی لەوەش کرد، جگە لە ڕێککەوتن ڕێگای دیکەمان لەبەردەم نییە و ١٨ساڵی تەواوە ھەڵبژاردن لە کەرکووک نەکراوە، ئەگەر ئەمجارەش سەرکەوتوو نەبین دیسان زەرەرمەندی یەکەم  کورد دەبێت، چونکە ئێمە لە کارەکان بەشدار نین و پارێزگار بەتاکڕەوی کارەکان ئەنجام دەدات، بۆیە ئێمە ئێستاش سورین لەسەر ئەوەی پارێزگارێکی کوردی سەربەخۆ و تەکنوقرات دیار بکرێت بۆ ئەوەی بتوانێت خزمەتی ھەموو خەڵکی کەرکووک بکات بەبێ جیاوازی، چەند دانیشتنێکی دۆستانەمان کردووە، پێکھاتەکانی دیکەش باس لەوە دەکەن کە پێویستە بگەینە ڕێککەوتن، بۆیە کەشەکە لەبارە و ئومێدێکی زۆرمان ھەیە لە کۆبوونەوەی داھاتوو بگەینە ڕێککەوتن.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار