٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت پڕۆژە بۆ ئەو ناوچانە ئەنجام دەدرێت

سەرچاوە: KDP.info


ھەولێر _KDP.info_ جێگری پارێزگاری ھەولێر گوتی: بەپێی ڕێنمایەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو بودجەیەی بۆ ئێمە تەرخانکراوە بۆ ئەمساڵ زیاتر بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی خزمەتگوزاری لەو ناوچانە خەرج دەکرێت کە کەمتر خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە، لە پڕۆژەکانیش ئەولەویەت بۆ پڕۆژەی ڕێگاوبان و قیڕتاوکردن دەبێت.
مەسعود محەمەد، جێگری پارێزگاری ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: دوای ئەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوژمە ١٣٠ملیار دیناری بۆ پارێزگای ھەولێر بۆ ئەمساڵ تەرخانکرد، ئەو بودجەیە پشکی پارێزگای ھەولێرە ھەر شارێک بەپێی ژمارەی دانیشتووان بودجەی بۆ تەرخانکراوە و بەپێی ڕێنماییەکانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی بەو شوێنانە دەدرێت و پڕۆژەیان بۆ ئەنجام دەدرێت کە کەمتر پڕۆژەی خزمەتگوزارییان پێگەیشتووە، بەتایبەت لە دەرەوەی ھەولێر .. لە قەزا و ناحیەکان، ئێمەیش بۆ ئەو بودجە تەرخانکراوە لەگەڵ قایمقام و بەڕێوەبەری ناحیە و بەڕێوەبەرە گشتییەکان ڕێککەوتووین ئەو پڕۆژانەی پێ ئەنجام بدەین سوود بە خەڵک بگەینێت و کەمتر وەک خزمەتگوزاریی گەیشتووەتە هاووڵاتییا، بۆیە ئەوەی بۆ ئێمە گەڕاوەتەوە تا ئێستا زیاتر گرنگی بە پڕۆژەکانی ڕێگاوبان و قیڕتاوکردنی شەقامەکان و دروستکردنی قوتابخانە و ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا دراوە.
مەسعود محەمەد گوتیشی: ھەر قەزایەک لە سنووری پارێزگای ھەولێر پڕۆژەکانی و داواکارییەکانیشیان لەگەڵ قەزایەکی دیکە جیاوازە، بۆ نموونە ڕەنگە قەزایەک پێویستی بە نەخۆشخانە ھەبێت یەکێکی دیکە پێویستی بە پڕۆژەی کارەبا ھەبێت، بۆیە دەسەڵات بە قایمقامەکان دراوە پڕۆژەکان دیار بکەن، بۆ ئەو بابەتەش سەرپشک کراون کامە سێکتەر گرنگە لەوانە پڕۆژە ئەنجام بدەن.
محەمەد باسی لەوەش کرد: ھەر کاتێک پڕۆژەکان یەکلایی کرانەوە بەپێی بودجەی دیاری کراو ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت بۆ کاری پێویست و دواتریش جێبەجێ دەکرێن.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار