د.سەباح سوبحی: پازدە ملیۆن لیتر نەوت بەبێ بەرامبەر دابەش دەکرێت

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، جگە لەو پەنجا ملیۆن لیتر نەوتەی عێراق پازدە ملیۆن لیتر نەوتی سپی بێ بەرامبەر و لەڕێگای پارێزگاکانەوە بەسەر ھاووڵاتییانی کەمدەرامەتدا دابەش دەکرێت.
د.سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای ئەوەی بەنووسراو داوای نەوتی سپیم کرد شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش سەردانی بەغدای کرد و سەردانی وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای بەرھەمھێنانی نەوتمان کرد، بەشی ھەرێمی کوردستان پەنجا ملیۆن لیتری نەوتی سپییە و تا ئێستا ٣٩ ملیۆن لیتری وەرگرتووە ئەوەی دیکەش لای بەغدا ماوە و ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان دەکرێت.
ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و غاز گوتیشی: چونکە لەڕووی کەش و ھەوا ھەرێمی کوردستان بەراورد ناکرێت لەگەڵ ناوچەکانی دیکەی عێراق داوای نەوتی زیاترمان کردووە، جگە لەو پەنجا ملیۆن لیترە بڕیارە نەوتی دیکەی زیادەش ڕەوانەی ھەرێمی کوردستان بکرێت.
د.سەباح سوبحی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: دوای دانوستانێکی زۆر ئێمە توانیومانە ڕەزامەندی بۆ ١٥ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بەدەست بێنین، ئەو نەوتە بێبەرامبەر و لەڕێگای پارێزگاکانەوە بەسەر ھاووڵاتییاندا دابەش دەکرێت و بۆ ھەموو ھەرێمی کوردستانە، بەڵام ئەو پەنجا ملیۆن لیترەکەی دیکە بە پارەیەکی ڕەمزی دابەش دەکرێت.
قائید میرۆ




