د.فارس بریفکانی دەستی لەکار کێشایەوە
__2024_02_22_h19m27s56__HK.jpg)
ئەمڕۆ سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەستی لەکار کێشایەوە و دەڵێ: سەربەرزم بەوەی دەستم لەکار کێشایەوە بۆ ئەوەی نوێنەرێکی شنگال بچێتە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا.
د.فارس بریفکانی، سەرۆکی لیستی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بەپێی ئەو پلانەی پارتی دایناوە دەیەوێ نوێنەرێکی شنگال بەشداربێت لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، لەبەر ئەوەیش ئەمڕۆ من دەست لەکارکێشانەوەی خۆم پێشکەش کرد، ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەواش پەسەندی کرد و سەرەتای حەفتەی داھاتوو ئەندامێکی دیکەی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەست بەکار دەبێت.
ئەندامە دەست لەکارکێشاوەکەی پارتی دەشڵێت: بەپێی ڕیزبەندی جەمال شەشۆ کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان حەفتەی داھاتوو وەک ئەندامی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەست بەکار دەبێت و دەست بە ڕێکارەکانی دەست بەکاربوونی دەکرێت.
د.فارس بریفکانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەھۆی ئەوەی لە ھەڵبژاردنی ساڵی ڕابردوو ھیچ نوێنەرێکی شنگال بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سەرنەکەوت پارتی بڕیاری دا جەمال شەشۆ وەک کوردێکی ئیزدی و نوێنەری شنگال لە ئەنجوومەنی پارێزگا کار بکات بۆ نوێنەرایەتیکردنی دەڤەری شنگال.
قائید میرۆ




