ناوچەی پیشەسازی خۆراک لە دھۆک زیاتر لە ٥٠٠ کارگە و کۆگای پیشەسازی لەخۆ دەگرێت

ناوچەی پیشەسازی خۆراک لە دھۆک وەک گەورەترین ناوچەی پیشەسازی خۆراک لە عێراق و کوردستان کارکردنی تێدا بەردەوامە و بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی دھۆکیش دەڵێ: بەھۆی کێشەی زەویوزارەوە پڕۆژەکەهەندێک دوا کەوت.
د.ھەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی دھۆك بە مڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: پڕۆژەی ناوچەی پیشەسازی خۆراک دەکەوێتە سنووری قەزای سێمێل و پێشتر ھەندێ کێشەی زەوی و زاری ھەبوو تا چارەسەرکران کاتی دەویست، بەڵام خزمەتگوزارییەکانی وەک ئاو و کارەبا گەیشتوونەتە پڕۆژەکە و ئێستا وەبەرھێنەر سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرھێنانی دھۆک دەکەن بۆ بەڕێوەبردنی مامەڵەکانیان تا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانیان بکەن لە ناوچەی پیشەسازی خۆراک لە سێمێل.
بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی دھۆک ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: ناوچەی پیشەسازی خۆراک لە دھۆک دەبێتە گەورەترین ناوچەی پیشەسازی خۆراک لەسەر ئاستی عێراق و ھەرێمی کوردستان، دوای تەواوبوونی کاریگەری لەسەر دەرفەتی کار و ڕێکخستنەوەی پیشەسازی خۆراک دەبێت، چونکە زیاتر لە ٢٧٥ کارگە و ٢٢٩ کۆگا لە خۆ دەگرێت، ھەروەھا ھەموو خزمەتگوزارییەکی تێدایە بۆ ئەوکەسانەی کاری تێدا دەکەن.
قائید میرۆ




