پسپۆرێکی ئابووری: بەھۆی بڕیاری حکوومەت کەرتی وەبەرھێنان دەبوژێتەوە
__2024_02_22_h16m16s39__ER.jpg)
پسپۆرێکی ئابووری پێی وایە، بڕیاری ڕاگرتنی پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون لە داھاتوویەکی نزیکدا کاریگەریەکانی دەردەکەون و دەشڵێ: بەھۆی بڕیاری حکوومەتەوە کەرتی وەبەرھێنان بووژانەوە بەخۆیەوە دەبینێ و پێویستە بازاڕ بگەڕێتەوە سەر ڕێگەی ڕاستەقینەی خۆی.
جێگر محەمەد، پسپۆری ئابووری بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: بڕیاری حکوومەت ھەرێم بۆ ڕاگرتنی مۆڵەتی پڕۆژەی نیشتەجێبوون لەکاتی خۆیدا بووە، چونکە بازاڕی خانووبەرە بە قۆناغێکی زۆر مەترسیدار تێدەپەڕی و ئەو نرخانەی ئێستا لە بازاڕدا ھەن نرخی ڕاستەقینەی یەکەکانی نیشتەجێبوون نین و بازاڕ لەژێر ھەژموونی بازرگانانە، بەڵام بە ڕاگرتنی مۆڵەت و دووبارە پێداچوونەوە بەو کەرتە گرینگە جارێکی دیکە دەتوانرێت کەرتی خانووبەرە بخرێتە سەر ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆی، لەوانە بەھۆی بڕیاری حکوومەتەوە بۆ ماوەیەکی کەم ھەڵکشان لە بازاڕ پەیدا ببێت، بەڵام دواجار نرخ دەگەڕێتەوە بۆ نرخە ڕاستەقینەکەی خۆی.
ئەو پسپۆرەی ئابووری پێی وایە: زۆرترین سەرمایە لە هەرێمی کوردستان لە کەرتی نیشتەجێبوون بەکارخراوە و نزیکەی ١٤ کەرتی دیکەی وەبەرھێنان ھەن وەک پێویست سەرمایەی تێدا بەگەڕ نەخراوە، واتە کەرتی نیشتەجێبوون زۆرترین سەرمایەی تێدایە و پشکی شێری بەردەکەوێت، بەڵام حکوومەت دەیەوێ لەمەودوا زیاتر گرینگی بە کەرتەکانی دیکەی وەک بازرگانی و پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتیاری بدرێت کە زۆر گرینگن بۆ ئابووری وڵات.
جێگر محەمەد گوتیشی: پێویستە لە داھاتوودا کار بۆ ئەوە بکرێت زیاتر پڕۆژەکانی وەبەرھێنان ببرێنە دەرەوەی شارە گەورەکان و لە قەزاو ناحیەکان پڕۆژەی وەبەرھێنان ئەنجام بدرێن، چونکە دروستکردنی ئەو ھەموو یەکانە لەنێو سەنتەری شارەکان کاریگەری ھەبووە لەسەر چۆڵکردنی گوند و قەزا و ناحیەکان بۆ نموونە لە پارێزگایەکی وەک دھۆک زۆرترین پڕۆژە لەنێو سەنتەری شارن و تەنیا یەک دوو پڕۆژە لە شیلادزێ جێبەجێکراون.
قائید میرۆ




