٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وردەکاری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی سەرۆکایەتی ھەرێم و کۆمسیۆن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر _KDP.info_ ئەمڕۆ سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق و بە ئامادەبوونی نوێنەری یوئێن کۆبووەوە، بەشداربوویەکی کۆبوونەوەی ئەمڕۆ وردەکاریەکان دەخاتە ڕوو و دەڵێت: کۆمسیۆن ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنەکان.

عەبدولسەلام بەرواری، بەشداربووی کۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆکایەتی ھەرێم و کۆمسیۆن بە بەشداری نوێنەری یوئێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: کۆبوونەوەی ئەمڕۆ زۆر باش بوو و چاوەڕێ دەکرێت دادگا بڕیاری خۆی بدات، کۆمسیۆنیش ئامادەکاری کردووە و خشتەی کارکردنیشی داناوە، ئەگەر سبەی بڕیار بدرێت ئەوان دەست بەکارەکانیان دەکەن، سەرۆکی ھەرێمی کوردستانیش وادەیەک دیاری بکات، بۆیە ڕەنگە پێش کۆتایی ھاتنی وادەی کۆمسیۆن بە مانگێک وادەکە دیاری بکرێت و ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت.
عەبدولسەلام بەرواری گوتیشی: ئەمجارە وادەیەک لەلایەن سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دیاری دەکرێت و دواناخرێت وەکو جاری پێشوو، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ئامادەیی دەربڕی وەزارەتی پەروەردە ھاوکار بێت بۆ ئەوەی لەکاتی ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ گرفت دروست نەبێت بۆ ھەڵبژاردن.
بەرواری باسی لەوەش کرد: سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەمجارە دوای دوو ھەنگاو وادەی ھەڵبژاردن دیاری دەکات، کۆمسیۆنیش ئامادەدەبێت ھەڵبژاردن ئەنجامبدات، چونکە جاری پێشوو وادەکە دیاری کرا ئەوان باسیان لەوە کرد ئامادەنین و ناتوانن ئەنجامی بدەن، دووەمیش ڕاوێژ لەگەڵ لایەنەکان دەکرێت ئەوکات وادەیەکی تازە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاری دەکرێت.
ئەمڕۆ  شاندی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی نوێنەری یۆنامی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق بە مەبەستی تاوتوێکردنی ھەنگاوەکانی ئامادەکاریی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کۆ بوونەوە.

بڵند ئیبراھیم  

هەواڵی پەیوەندیدار