٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کەلاری: بۆ ئەوەی بە فۆرمێکی جیاوازتر خزمەتی قوتابیان بکەین ئەمساڵ کۆنگرە دەبەستین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر _KDP.info_ سکرتێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان گوتی: بەبۆنەی یادی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیان تا ئێستا سەدان چالاکی ئەنجامدراون و چالاکییەکانیش بەردەوام دەبن و دەمانەوێت بە فۆرمێکی جیاوازتر خزمەتی قوتابیان بکەین، بۆ ئەوەی  ھزر و بیری نوێ بێنە پێشەوە و گۆڕانکاری بکەین، چونکە بڕیارە ئەمساڵ کۆنگرە ئەنجام بدەین.

نێچیرڤان کەلاری، سکرتێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بە بۆنەی ١٨ی شوبات، ٧١ ساڵەی دامەزراندنی یەکێتی قوتابیانی کوردستان گەرمترین پیرۆزبایی لە سەرجەم قوتابیانی کوردستان دەکەین و لەم یادەدا دەمانەوێت لە داھاتوو بە فۆرمێکی جیاوازتر لە کاری ڕێکخراوەیی خزمەتی قوتابیان بکەین و درێژە بدەین بە رۆڵی پێشەنگانەی یەکێتی قوتابیان، بۆیە ھەنگاو دەنێین پەیام و دیدگای ستراتیژییەتی نوێی کارکردن و بەردەوامی دەدەین بە ڕەوتی نەپساوەی یەکێتی قوتبیانی کوردستان و ھەمیشە داکۆکیکار دەبین لە مافی قوتابیان و یەکێتی قوتابیان ئەو ناوەندە دەبێت بۆ بەرھەمھێنانی ئەو تاکەی پڕ زانست بێت و بتوانن لە داھاتوودا لە ھەموو کایەکاندا لە ھەرێمی کوردستان خزمەت بکەن.

نێچیرڤان کەلاری گوتیشی: کاردەکەین بۆ بەرەوپێشبردنی سیستەمی پەروەردە و فێرکردن و خوێندن لە ھەرێمی کوردستان و یادەکانی ١٨ی شوبات، لەسەرەتای ئەم مانگەوە دەستمان بە چالاکی کردووە و دوێنێشمان بۆ پێشوازی میوانان تەرخان کردبوو، لە داھاتووشدا لەسەرتاسەری ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت، تا ئێستاش سەدان چالاکی ئەنجامدراون و دەمانەوێت لەو ڕێگەیەوە دەرفەت بۆ قوتابیان بڕەخسێت تواناکانیان دەربخەن لەسەر بابەتی ھونەری و ئەدەبی و وەرزشی کە لەپاڵ ڕەوتی زانستیدا ئەنجام بدرێن.

کەلاری باسی لەوەش کرد: بابەتی بەستنی کۆنگرەی یەکێتی قوتابیان لای ئێمە مەبدەئە و بەبڕوای ئێمە بۆ ئەوەی نوێنەرایەتی ڕاستەقینەی قوتابیان بکەین بەردەوام خۆنوێکردنەوە پێویستە، چونکە لە ئەنجامی گۆڕانکاری بیر و ھزری نوێ دێنە پێشەوە و توانای نوێ دێنە پێشەوە، بۆیە مەبەستمانە کۆنگرەیەکی جۆری و سەرکەوتووانە ئەنجام بدەین بۆ ئەوەی بە فۆرمێکی جیاوازتر دەست بە خزمەت بکەینەوە، بەڵام پێویستی بەدیراسە کردن ھەیە و نزیکین لە گەیشتن بە ئەنجامێکی باش و لە داھاتوو ئەنجامەکان دیار دەبن، بۆیە پلان وایە ئەگەر بارودۆخ گونجاو بێت ئەمساڵ کۆنگرە ببەستین.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار