٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زۆزان کۆچەر: شاندێکی بەغدا لەبارەی پلانی وەرگرتنی گەنم سەردانی ھەرێم دەکات

سەرچاوە: KDP.info

جێگری یەکەمی سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە، ساڵی ڕابردوو لە پلانی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران ناعەدالەتی ھەبووە و دەشڵێ: ڕۆژی چوارشەممە لیژنەیەکی حکوومەتی فیدڕاڵ سەردانی ھەرێمی کوردستان دەکات بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ پلانی ئەمساڵی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران.

زۆزان کۆچەر، جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ساڵی ڕابردوو لەکاتی جێبەجێکردنی پلانی وەرگرتنی بەرھەم گەنمی جووتیاران نا عەدالەتی زۆر بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان کرا، بەتایبەتی لە سنووری پارێزگای دھۆک شەست ھەزار تۆن گەنمی جووتیاران مایەوە و وەر نەگیرا، ھەروەھا بەپێی داتای حکوومەتی عێراق ساڵی ڕابردوو پارێزگای نەینەوا بە پلەی یەکەم ھات لە بەرھەمی گەنم، کەچی پارێزگای دھۆک لە پلەی یەکەمە لەسەر ئاستی عێراق.

جێگری سەرۆکی لیژنەی کشتوکاڵ گوتیشی: ئەمساڵ پلانی نوێ جێبەجێ دەکرێت، ئێستا حکوومەتی فیدڕاڵ ئامادەکاری بۆ پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ دەکات، ناوی جووتیاران و ڕووبەری ئەو زەویەی بە گەنم داچێندراوە تۆمارکراوە و دەکرێتە بنەما بۆ وەرگرتنی گەنمی ئەمساڵ.

زۆزان کۆچەر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بڕیارە ڕۆژی چوارشەممەی داھاتوو لیژنەیەکی حکوومەتی فیدڕاڵ سەردانی ھەرێمی کوردستان بکات بە مەبەستی ئامادەکاریەکانی پلانی ئەمساڵی وەرگرتنی بەرھەمی جووتیاران و لەگەڵ وەزیری کشتوکاڵ کۆدەبنەوە و سەردانی ھەموو پارێزگاکان دەکەن، چونکە ئەمساڵ بەھۆی بارینی ڕێژەیەکی زۆری باران پێشبینی دەکەین ڕێژەی بەرھەمھێنانی گەنم لە ساڵی ڕابردوو زۆر زیاتر بێت، بەتایبەتی لە پارێزگای دھۆک پێشبینی  ھەشتسەت ھەتا ملیۆنێک تۆن بەرھەم دەکەین.

قائید  میرۆ 

هەواڵی پەیوەندیدار