سەندیکای ڕۆژنامەنووسان: ھەڵوەشاندنەوەی ڕێنمایی میدیا بەڵگەی ئەوەیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەچاوی ستاندارد و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەکات

ھەولێر _KDP.info_ نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان گوتی: ھەڵوەشاندنەوەی ڕێنمایی لە بواری میدیا لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەنگاوێکی گرنگە و بەڵگەی ئەوەیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەچاوی ستاندارد و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەکات لە بواری میدیادا.
حاکم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە پێمان وایە ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێنماییانە بەڵگەی ئەوەیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی دان بە پرەنسیپ و پێوەرە نێودەوڵەتیەکان دەدات لە بواری میدیادا، ئەمەش کارێکی دڵخۆشکەرە، بۆیە ھەموو لایەک ئاسودەن و بەئیجابییەوە لەو پرسە دەڕوانن، ئێمە لەسەرتاوە تێبینیمان ھەبوو لەسەر ڕێنماییەکان و ئێستاش حکوومەت مافی خۆیەتی دەسەڵاتی خۆی ھەبێت بۆ ھەموو جۆرە پەخشەکان، بەڵام پێشنیار دەکەین لە داھاتوودا لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ڕەچاوکردنی یاسای ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ و بە ھەماھەنگی لەگەڵ ئێمە ئەو ڕێنماییانە بە جۆرێک بێت ڕەچاوی دۆخی ئێستای دونیا و زیرەکی دەستکرد و بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا بکرێت بۆ ئەوەی بەپێی ڕێنماییە ستانداردەکانی جیھان ڕێنمایی دەربکرێت.
حاکم ئازاد حەمەدەمین گوتیشی: ھاتنە سەرخەتی وڵاتان و دەست خۆشی کردن لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ھەڵوەشاندنەوەی ئەو ڕێنماییانە گرنگە و ئازادی بیروڕا بەشێکە لە ئازادییە گشتییەکان و ھەر بەرەوپێشچوونێک لە ئازادی میدیادا بەڵگەی ئەوەیە لە ناوخۆ و دەرەوەش بە گرنگییەوە تەماشای بەرەوپێشچوونی ئازادی ڕادەربرینی میدیا لە ھەرێمی کوردستان دەکەن، بۆیە ئەمە ھەنگاوێکی ئیجابییە و بەڵگەی ئەوەیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕەچاوی ستاندارد و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان دەکات لەو پرسەدا.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەیانی ژمارە ١ـی ساڵی ٢٠٢٤ـی دەرکرد و لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان ژمارە (٣١٤) لە (٢٨ـت کانوونی دووەمی ٢٠٢٤) بڵاوکرایەوە بۆ ھەڵوەشاندنەوەی ڕێنمایی ژمارە ١ـی ساڵی ٢٠٢٣ی تایبەت بە ڕێکخستنی کاری میدیایی لە ھەرێمی کوردستان کە پێشتر لە ڕۆژنامەی وەقایعی کوردستان، ژمارە (٣٠٥) لە (٢٢ـی ئایاری ٢٠٢٣) بڵاوکرابووەوە و تێبینی و سەرنجی لەلایەن میدیاکاران و یاساناسان لەسەر تۆمارکرا.
بەگوێرەی بەیانەکەی وەزارەتی ڕۆشنبیری کە ئاماژە بە نووسراوی سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان ژمارە (٥١١٧) لە (١٢ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٣) کراوە و بڕیاری داوە لە ڕۆژی (٢ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٤)ـەوە کار بەو ڕێنماییە نەکرێت و ھەڵوەشێندراوەتەوە و لە بری ئەوەش کار بە ڕێنمایی پێشوویان ژمارە ١ـی ساڵی ٢٠١٤ـی تایبەت بە ڕێکخستنی فریوێنسی سپەیس لە ھەرێمی کوردستان دەکرێت.
بڵند ئیبراھیم




