شه‌هید فه‌ره‌نسۆ داینه‌مۆی دروستكردنی گه‌نجی سه‌ركرده و بیر‌و هزری نوێی گه‌نجان و لاوان بوو

له ساڵیادی دروستبوونی هه‌ردوو ڕێكخراوی دایك (یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان و یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان)، سكرتێرانی پێشووی هه‌ردوو ڕێكخراوه‌كه له‌ڕێگای ماڵپه‌ری فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانه‌وه په‌یامیان هه‌یه و یادی شه‌هیدی سه‌ركرده فه‌ره‌نسۆ هه‌ریری ده‌كه‌نه‌وه كه پشتیوانی ڕاسته‌وخۆی هه‌ردوو ڕێكخراوه‌كه بووه.
له 18ى شوباتى 2001 له ئه‌نجامى كرده‌وه‌یه‌كى تیرۆریستى ترسنۆكانه‌وه فەره‌نسۆ هه‌ریرى هێماى برایه‌تى و خه‌باتى نیشتمانى و ئاشتى له شاری هه‌ولێر شه‌هید كرا، هاوكات له‌و ڕۆژه‌دا ساڵیادی دامه‌زراندنی هه‌ردوو ڕێكخراوی دایك (یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان و یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستانه).
ئومێد خۆشناو، سكرتێری پێشووی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان و پارێزگاری هه‌ولێر، بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، گوتی: له ساڵیادی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان پیرۆزبایی له سكرتێر و ئه‌ندامانی سكرتاریه‌ت و ئه‌ندامانی هه‌ردوو ڕێكخراو ده‌كه‌م، ڕۆژانێك ئێمه له‌و قوتابخانانه‌وه فێری كوردایه‌تی و خه‌باتی سیاسی و ئیداره‌دانی ده‌وڵه‌ت بووین، بۆ من كاركردن له یه‌كێتی لاوان جێگای شانازییه چونكه ئاشنای زۆر كادیر و ئه‌ندام و خه‌ڵكی كوردستان بووم كه ئێستا شوێنی ده‌ست و په‌نجه‌یان له هه‌موو بواره‌كانی پێشكه‌وتنی كوردستاندا دیاره، یه‌كێتی لاوان ڕۆژانێك گه‌یەنەری ده‌نگی لاوان و گه‌نجانی كوردستان بووه بۆ سه‌ركردایه‌تی و بڕیاربه‌ده‌ستانی كوردستان و پردی په‌یوه‌ندی نێوان گه‌نجان و بڕیاربه‌ده‌ستان بووه، له‌و پێناوه‌شدا زۆر خزمه‌تی لاوان كراوە، قوتابخانه‌یه‌ك بوو بۆ پێگه‌یاندنی گه‌نجان و ناوه‌ندێكی گرنگی بڵاوبوونه‌وه‌ی بیر و هۆشیاریی كۆمه‌ڵگابوو كه له‌و قۆناغه‌ی كوردستان زۆر پێویست بوو به ئیستایشه‌وه.
گوتیشی: هه‌ر له بیره‌وه‌ی ساڵیادی هه‌ردوو ڕێكخراوه‌كه ده‌مه‌وێت تیشك بخه‌مه سه‌ر هه‌ندێك له كار و خه‌باتی شه‌هیدی سه‌ركرده فەره‌نسۆ هه‌ریری، یه‌كێك له نزیكترین كه‌سەکان بوو له هه‌ردوو ڕێكخراوه‌كه، هه‌میشه ئومێدی ده‌به‌خشیه گه‌نجان، چاوی له داهاتوو هه‌بوو، هه‌وڵی ده‌دا له‌ڕێگای ماددی و مه‌عنه‌وی و کردنەوەی خولی تایبه‌ت به پێگه‌یاندنی كادیران له‌ناو ئه‌و دووچینه پشتیوانیمان بکات و ڕۆڵی گرنگی هه‌بوو له سه‌ركردایه‌تیكردنی خوله ڕۆشنبیریەکان، به‌دڵ له‌گه‌ڵمان بوو ڕۆژانه ئاگاداری كار و چالاكی هه‌ردوو ڕێكخراوه‌كه بوو كاك فه‌ره‌نسۆ هیچ شتێكی بیرنه‌ده‌چوه‌وه هه‌ر تێبینی و پێشنیارێك بكرابایه خێرا كاری له‌سه‌ر ده‌كرد، زۆر جار فشاری له‌سه‌ر خۆشی دروست كردووه به مه‌به‌ستی به‌جێهێنانی پڕۆژه‌ی گه‌نجان و قوتابیان بۆ ئه‌وه‌ی هیچ یه‌كێك له‌و دوو چینه نا‌ئومێد نه‌بن.
ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو: كاك فه‌ره‌نسۆ هه‌میشه ئامۆژگاری كادیر و ئه‌ندامانی هه‌ردوو ڕێكخراوی ده‌كرد، پابه‌ندبن له‌سه‌ر پرسه نیشتمانییه‌كان و ڕێگا خۆش نه‌كه‌ن بۆ خه‌ڵكانێك هه‌ستی نه‌ته‌وه‌ییان كه‌م بكاته‌وه، گرنگی زۆری به بواری وه‌رزش ده‌دا، تا ئه‌و له‌ژیان بوو پشتیوانیه‌كی زۆری وه‌رزشوانان كرا به‌تایبه‌ت لە شاری هه‌ولێر، ڕۆیشتنی كاك فه‌ره‌نسۆ كه‌لێنێكی گه‌وره‌ی دروستكرد به‌ڵام شتە گرنگه‌کە ئه‌وه‌یه، هه‌رچه‌نده وه‌فاداربین بۆ كوردستان و خزمه‌تی خاك و نه‌ته‌وه‌ی خۆمان بكه‌ین ئه‌وه‌نده نزیك ده‌بین له ئاسوده‌كردنی ڕووحی كاك فه‌ره‌نسۆ.
هاوكات به‌ره‌ڤان حه‌مدی، سكرتێری پێشووی یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: ئه‌مڕۆ 18ی شوبات ڕۆژی دامه‌زراندنی یه‌كێتی قوتابیان و یەکێتی لاوانی دیموكراتی كوردستانه، ساڵانه له ساڵیادی هه‌ردوو ڕێكخراو ئاهه‌نگ و بۆنه‌ی تایبه‌ت ئه‌نجام ده‌درا له سه‌رتاسه‌ری كوردستان، به‌داخه‌وه رۆژی 18ی شوباتی ساڵی2001 ده‌ستێكی ڕه‌شی تیرۆرستی شه‌هید فه‌ره‌نسۆ هه‌ریریان تیرۆر كرد كه له‌و ڕۆژه‌دا هه‌م ماته‌مبارین و هه‌م ساڵیادی دامه‌زراندنی هه‌ردوو ڕێكخراوه‌كه‌یه، كاك فه‌ره‌نسۆ یه‌كێك بوو له نزیكترین كه‌سەکان له‌م دوو ڕێكخراوه، نزیكایه‌تی ته‌نیا ئه‌وه نه‌بوو له كار و چالاكییه‌كان به‌شداری بكات، به‌رنامه‌ی هه‌بوو کە بۆ داهاتووی هه‌ردوو ڕێكخراو چی بكرێت، قوتابخانه‌ی هزری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی فێری كادیرانی هه‌ردوو ڕێكخراو ده‌كرد كاك فه‌ره‌نسۆ له خولی مه‌ئمون ده‌باغ كه خولێكی ڕۆشنبیری بوو ڕۆڵی گرنگی هه‌بوو و زانیاری زۆری ده‌دا له‌باره‌ی بابه‌تی تیرۆر و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی فكری توندڕه‌وی، له دروستكردنی كادیری لێهاتوو ڕۆڵی گرنگی هه‌بوو، پشتیوانی خوله‌كان و لێژنه‌كان و كار و چالاكیه‌كان بوو، زۆر گرنگی به هونه‌ری وه‌رزش و مۆسیقا و خولی فێربوون و زانست دەدا و پشتیوانی گه‌نجان بوو له ڕووی ماددی و مه‌عنه‌وییەوە.
ڕایشیگه‌یاند: له ساڵیادی دامه‌زارندنی هه‌ردوو ڕێكخراو پێش هه‌موو به‌رپرسانی دیكه له‌وێ ئاماده ده‌بوو و دانه‌بڕاوبوو له‌گه‌ڵ چینی قوتابیان، به‌رده‌وام نزیك بوو له موعاناتی كادیران هه‌م وه‌ك پارێزگار هه‌م وه‌ك به‌رپرسی لقی دوو هه‌میشه ئاماده‌بوو بۆ پشتیوانی گه‌نجان و قوتابیان، زۆرترین هه‌وڵی ئه‌وه‌بوو كه سه‌ركرده‌ی گه‌نج دروست بكات و پێیان بگه‌یه‌نێت بۆ سه‌ركردایه‌تی پارتی، له‌ده‌ستدانی كاك فه‌ره‌نسۆ خه‌ساره‌تێكی یه‌كجار گه‌وره‌بوو به‌تایبه‌ت بۆ قوتابیان و لاوانی كوردستان، ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ته‌واوی هه‌بوو له كار و چالاكییه‌كان، به‌دواداچوونی بۆ سه‌رجه‌م كاره‌كان ده‌كرد و سه‌ردانی باره‌گا و ناوه‌نده‌كانی ده‌كرد، كاك فه‌ره‌نسۆ قوتابخانه‌ی كوردایه‌تی و هزری نه‌ته‌وه‌یی و خۆشه‌ویستی بۆ كوردستان نیشانی جیلی نوێ ده‌دا به شه‌وق و زه‌وقێكی كوردانه و گه‌نجانه‌وه ده‌هاته مه‌یدانی كاركردن.
گرنگه له‌سه‌ر ڕێڕه‌و و ڕێچكه‌ی سه‌ركرده‌ی شەهید فه‌ره‌نسۆ هه‌ریری گه‌نجانی كوردستان و قوتابیان ئاماده بكرێن بۆ بڵاوكردنه‌وه‌ی هزری نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی و به زانست و توانستی خۆیانه‌وه بۆ پشتیوانی له پێشكه‌وتنی كوردستان ئامادە بکرێن، خۆشبه‌ختانه پارتی مێژوویه‌كی پڕسه‌روه‌ری و شانازی هه‌یه ئیستاش ڕاسته كاك فه‌ره‌نسۆ له‌ناومان نه‌ماوه به‌ڵام بیر و ڕێنمایی و ئامۆژگاریه‌كانی هێشتا له‌ناومانن و ده‌یان و سه‌دان كاك فه‌ره‌نسۆی دیكه ئاماده‌ن خزمه‌تی كوردستان بكه‌ن.
هه‌ر له‌م باره‌وه، نه‌جات باپیر، سكرتێری پێشووی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: پیرۆزبایی له دامه‌زراندنی ڕێكخراوی یه‌كێتی لاوانی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی قوتابیانی كوردستان ده‌كه‌م، بێ گومان ئه‌وه‌ی له‌م دوو ڕێكخراوه كاری كردبێت له سه‌رده‌می شه‌هیدی سه‌ركرده فه‌ره‌نسۆ هه‌ریری ده‌زانێت چه‌نده پشتیوانی ئه‌و دوو ڕێكخراوه بووه، هه‌ر شتێكمان ویستبێت جێبه‌جێی كردووه و پشتیوانی ته‌واوی لاوان و قوتابیان بوو و حه‌زی به‌و كه‌سانه هه‌بوو كه ده‌یانه‌ویست كاربكه‌ن، پشتیوانی قوتابیان بوو به‌تایبه‌ت له نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كان و ئه‌و قوتابیانه‌ی كه له زانكۆكان ده‌یانخوێند، له‌ناو یه‌كێتی لاوان ڕۆڵی گرنگی هه‌بوو له‌وه‌ی پشتیوانی توانای گه‌نجان بێت به‌تایبه‌ت له بواری وه‌رزشی جێپه‌نجه‌ی له هه‌موو ئاوه‌دانیه‌ك دیاره به‌تایبه‌ت له دروستكردنی یاریگای وه‌رزشی هه‌ولێر و دروستكردنی تیپه میللییه‌كان، ئه‌و كاتانه‌ی پارێزگاری هه‌ولێر بوو خزمه‌تێكی زۆری به قوتابیان و لاوان كرد، ئه‌و كاتانه‌ی كارمان له‌گه‌ڵ ده‌كرد به هه‌موو شێوه‌یه‌ك پشتیوان بوو و ڕێنمایی ده‌كردین كه له‌ناو خه‌ڵك بین و گه‌نج ئاماده بكه‌ین بۆ داهاتوو.
ڕایشیگه‌یاند: هه‌ستی نیشتمان په‌روه‌ری زۆر باڵابوو، گرنگی به بابه‌تی نه‌ته‌وه‌یی ده‌دا و پشتیوانی له گه‌نجان ده‌كرد كه ئاماده بكرێن ببنە سه‌ركرده‌ی داهاتوو، هه‌میشه له كۆبوونه‌وه‌كان جه‌ختی له‌وه ده‌كرده‌وه كه له‌ڕووی نه‌ته‌وه‌ییه‌وه ده‌بێت نیشتمانی خۆمان خۆشبوێت و هه‌وڵی پیشكه‌وتنی بده‌ین، له هه‌موو خاڵه‌كان گرنگتر ئه‌وه‌بوو ده‌رگای كراوەبوو و هه‌موو چین و توێژه‌كان و سه‌ردانیان ده‌كرد و گوێی له هه‌موو كه‌سێك ده‌گرت.






