چاوەڕێی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکرێت بانگێشتی وەزیری کۆچ و کۆچبەران بکرێت

بەغدا _KDP.info_ پەرلەمانتارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: بەھۆی گەندەڵی و پێدانی کەلوپەلی ئێکسپایەر بە ئاوارەکان و ھاوکاری نەکردنی ئاوارەکان وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بنگێشت دەکەین و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەین، ئێستا نووسراوی بانگێشتکردنەکە لە سەرۆکایەتی پەرلەمانە و چاوەڕێ دەکەین بە فەرمی بانگێشت بکرێت و بێتە پەرلەمان.
مەحما خەلیل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لە وەزارەتی کۆچ وکۆچبەرانی عێراق گەندەڵی ھەیە و ھاوکاری ئاوارەکان ناکرێت، ماوەی ڕابردوو کەلوپەلی ئێکسپایریان بەسەر ئاوارەکاندا دابەشکردووە، بۆیە بڕیارە و پێشنیاریشمان کردووە وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق بانگێشتی پەرلەمان بکرێت و لێپرسینەوەی لەگەڵ بکەین، چونکە ئێمە تێبینی زۆرمان لەسەر ئەدای کارەکانی وەزارەت و خودی وەزیر ھەیە.
مەحما خەلیل گوتیشی: نووسراوی بانگێشتکردنەکە ئێستا لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراقە و چاوەڕێی ئەوە دەکەین سەرۆکایەتی پەرلەمان بە فەرمیی بانگێشت بکرێت و کاتەکەی دیار بکرێت و بێتە پەرلەمان، چونکە ئێمە بۆ بانگێشتکردنەکە بەڵگەی تەواومان ئامادەکردووە.
بڵند ئیبراھیم




