ھەولێر.. کۆبوونەوەیەک لە بارەی کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان ئەنجامدرا

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای ھەولێر کۆبوونەوەیەک لە بارەی کارو پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنووری پارێزگای ھەولێر ئەنجامدرا و تەئکید لە گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان کرایەوە لە سەرجەم سێکتەرە جیاجیاکان.
ئەمڕۆ یەکشەممە 2024.2.18، دکتۆر پشتیوان سادق، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێری پارتی و د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر، لە بارەگای مەکتەبی ڕێکخستنی ھەولێری پارتی دیموکراتی کوردستان، لە بارەی کار و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان لە سنووری پارێزگای ھەولێر کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا.
لە کۆبوونەوەکەدا، تەئکید لە گەیاندنی پڕۆژە خزمەتگوزاریەکان کرایەوە لە سەرجەم سێکتەرە جیاجیاکان، بۆ ئەو مەبەستەش پلان و بەرنامەی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگای ھەولێر بۆ ساڵی 2024 خرایە ڕوو، ھاوکات ئەنجامدانی پڕۆژەکان لە ناوەندی قەزا و گوند و ناحیەکان بەیەکسانی جەختی لەسەر کرایەوە بەتایبەتی لەو شوێنانەی کە پێویستیان بە ئاوەڕلێدانەوەی زیاتر ھەیە.
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە ڕێزگرتن لە ھاووڵاتیان و پێشکەشکردنی ئاسانکارییەکان لە ڕاییکردنی مامەڵە و کاروبارەکانیان لە دام و دەزگاکانی حکوومەت کرایەوە، ھەروەھا تیشک خرایە سەر کارنامەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ زیاتر خزمەتکردنی ھاووڵاتییان.




