شیفا بارزانی، سڵاوی سەرۆك بارزانی گەیاندە ئامادەبووان

ھەولێر-KDP.info- کۆبوونەوەی رەوەندی کوردستانی لە شاری ئەدمنتۆن، لە هەرێمی "ئەلبەرتا"ی کەنەدا لەگەڵ چالاکوانی سیاسی و ژمارەیەک پەرلەمانتاری کەنەدا بە ئامادەبوونی شیفا بارزانی، بەرپرسی رەوەندی کوردستانی لە دەرەوە بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو پەرلەمانتار زیاد ئەبوتەیف، تۆم كەمیج و رەحیم رەشیدی، کە نوێنەری كۆنفدراسیۆنی رەوەندی كوردستانییە لە ئەمەریكا و كەنەدا، قسەیان کرد و ڕۆڵی رەوەندی كوردستانیان بەرزنرخاند.
شیفا بارزانی لە دیدارەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد، سڵاوی سەرۆك بارزانی گەیاندە ئامادەبووان و تیشکی خستە سەر هەلومەرجی کوردستان و هەروەها پێکەوەکارکردنی کوردستانیان لە دەرەوە. شیفا بارزانی لە ناوەڕۆکی قسەکانیدا باسی لە بارودۆخی ئێستای ناوچەکە کرد و بە پێویستی زانی کوردستانیان لە دەرەوە لە دەرەوەی بازنەی حیزبایەتی تێکۆشانی خۆیان گەشە پێبدەن.
لە کۆبوونەوەکەدا کوردستانیانی هەرچوار بەشی وڵات، وێرای پێکهاتە جۆراوجۆرەکانی، ئامادەبوون و دید و بۆچوونی خۆیان هێنایە زمان و بە گەرمی پێشوازیان لە قسەکانی کرد. ڕێژەی بەشداری ژنان و گەنجان لە دیارترین بابەتەكانی ئەو كۆبوونەوە بوو.
كوردستانیان بە پێداگرییەوە باسیان لەوە كرد كە بۆ یەكەم جارە كۆبوونەوەی دوور لە حیزبایەتی و بە نەفەسی كوردستانی دێتە ڕۆژەڤەوە و داوایان كرد ئەم دیاردە زیاتر پەرەی پێبدرێت.




