٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

جێگری سەرۆکی پارتی پەیامێك ئاڕاستەی یەکێتیی قوتابییان و یەکێتیی لاوان دەكات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابییان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 18/2/2024، مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە بۆنەی ساڵوەگەڕی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابییان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، پەیامێكی پیرۆزبایی بڵاو كردەوە و ڕایگەیاندووە: "لە یادی 71 ساڵی دامەزراندنی هەردوو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابییانی کوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم ئاڕاستەی سکرتێر و مەکتەبی سکرتاریەت و سەرجەم ئەندامانی هەردوو یەکێتیی قوتابییان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتر و پێشەنگبوونیان بۆ دەخوازم."

جێگری سەرۆكی پارتی دەشڵێت: "یەکێتیی قوتابییانی كوردستان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، ڕۆڵێکی گرنگ و مێژوویەکی گەشیان لە بەدەستهێنان و پاراستنی مافەکانی قوتابیان و لاوان، پەرەپێدانی هزری نیشتمانپەروەری، بەرەوپێشبردنی توانا و ئاستی زانستیی قوتابییان و لاوانی کوردستان و داکۆکیکردن لە دەستکەوتە نیشتمانییەکاندا هەیە."

مەسروور بارزانی ئاماژەی بەوەش داوە: "هیوادارم هەردوو یەکێتییەکە، لە کارکردن و ئامادەکارییەکانیان بۆ بەستنی کۆنگرە سەرکەوتوو بن و لەژێر سەرکردایەتییەکی نوێ و بەهێز، گۆڕانکاریی ڕیشەیی و نوێخوازانە لە ڕێڕەوی خەباتی ڕێکخراوەیی یەکێتیی قوتابییان و لاوانی دیموکراتی کوردستاندا بکەن و بەرەو قۆناغێکی پێشەنگتری ببەن، بە شێوەیەک کە لە ئاست پێشکەوتن و گۆڕانکارییە هەنووکەییەکانی کوردستان و جیهاندا بن و بە گیانێکی داهێنەرانەوە بەردەوام بن لە بەرەوپێشبردنی تواناکانی قوتابییان و لاوانی کوردستان، بە سوودوەرگرتن لە پێشکەوتنەکانی سەردەم، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە خزمەتی نیشتمانەکەیان بکەن، ساڵیادی هەژدەی شوبات پیرۆز بێت و هەمیشە سەرکەوتوو بن."

هەواڵی پەیوەندیدار