٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سیاسەتمەدارێکی کورد بۆ KDP: ناکرێت ھەرێمی کوردستان چیتر بێ دەنگ بێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی لە کۆتایی ھەفتەی ڕابردوو پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لەعێراق بە وەکالەت کرد و لەمیانەی پێشوازیەکەشدا باسی لەوەکرد، پێویستە ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و نابێت بە بیانووی نادەستووری دەست لە پرۆسەی ھەڵبژاردن و رێوشوێنەکانی وەربدرێت و کۆسپی بۆ دروست بکرێت، لەمبارەشەوە سیاسەتمەدارێکی کورد باس لەوە دەکات، سەرۆک بارزانی ھەست بەمەترسی دەکات و دەزانێت ھەرێمی کوردستان لە بۆشایی یاسایی دەبێت، بۆیە جەخت لەسەر ئەنجامدانی ھەڵبژاردن دەکاتەوە، چونکە ھیچ بیانوویەکی یاسایی نەماوە و پێویستە دادگا بڕیاری خۆی بدات و ئەگەر ئەمجارە دوای بخات دیارە ھۆکارەکەی سیاسییە نەک یاسایی.

دکتۆر دیندار دۆسکی، سیاسەتمەدار و وەزیری پێشووی حکوومەتی عێراق، بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بێگومان ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گرنگە، چونکە ناکرێت لەمە زیاتر ھەڵبژاردن دوابخرێت و ھەرێمی کوردستان دەکەوێتە بۆشایی یاسایی، بۆیە سەرۆک بارزانی ھەست بەو مەترسیە دەکات و جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە پێویستە ھەڵبژاردن بکرێت و ناکرێت دادگای فیدڕاڵیش بڕیاری خۆی دوابخات و پێویستە ئه‌مڕۆ بڕیار بدات، لەبەر ئەوەی ئەوە کارێکی پێویستە و دادگاش ئەوە بەھەند وەربگرێت و بڕیار بدات و ناکرێت ھەرێمی کوردستان بێ پەرلەمان بێت و دەزگا شەرعیەکان نەبن، چونکە ئەگەر ھەڵبژاردن نەکرێت و بڕیاری لێ نەدرێت ھەندێک لایەنی سیاسی لە عێراق دەیانەوێت ھەرێمی کوردستان بەرەو دۆخێکی خراپ بچێت و ھەرێمی کوردستان ھەر بەو شێوەیە بەردەوام بێت، بۆیە پێویستە حیزبە سەرەکیەکانی ھەرێم فشارێکی باش لە حکوومەتی عێراق و دادگا بکەن، بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و چیتر ناکرێت لەمە زیاتر دوابخرێت".

دکتۆر دیندار دۆسکی گوتیشی: "زەروورە ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و شەرعیەت بۆ دەزگاکانی ھەرێمی کوردستان بگەڕێتەوە و پەرلەمان و حکوومەت ھەبێت بۆ ئەوەی بتواندرێت خزمەتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان لەو ڕێگەیەوە بکرێت و چیتر ناکرێت بەبیانووی یاسایی ھەڵبژاردن دوابخرێت، چونکە گەر وا بڕوات ماوەیەکی دیکە کۆمسیۆنیش کاتەکەی بەسەردەچێت ئەوکات ئەوانیش ناتوانن ھەڵبژاردن ئەنجامبدەن، بۆیە گەر ئه‌مڕۆ دادگای فیدڕاڵی بڕیار لەبارەی پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی دواخست ئەوکات دیار دەبێت ھۆکارەکەی سیاسییە نەک یاسایی، چونکە دەرفەتی ئەوە نەماوە چیتر بڕیاری خۆیان دوابخەن و ناکرێت ھەرێمی کوردستانیش چیتر بێ دەنگ بێت".

دۆسکی باسی لەوەشکرد: "نازانین ھۆکار چیە دادگای فیدڕاڵی ئەو ھەموو دواخستنە لەبارەی پرسی ھەڵبژاردن دەدات، بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە بڕیاری کۆتایی بدرێت و ھەڵبژاردن لەماوەیەکی دیاریکراو ئەنجامبدرێت و جارێکی دیکە شەرعیەت بۆ دەزگا دەستووریەکانی ھەرێمی کوردستان بگەرێتەوە، بۆیە ئەگەر دادگای فیدڕاڵی بڕیارەکانی سیاسی نەبن لەبارەی پرسی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پێویستە ئه‌مڕۆ بڕیاری خۆی بدات ئەگەرنا ئەوەی ئەوان دەیکەن ھەڵوێستێکی سیاسییە دژی ھەرێمی کوردستان نەک ھەڵوێستێکی یاسایی".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار