٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانی بۆ قوتابیان: مایەی شانازیمە کە ڕۆژگارێک لە ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیان دا کارم کردووە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەبۆنەی حەفتا و یەک ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستانەوە، نێچیرڤان بارزانی، بە گەرمی پیرۆزبایی لە یەکێتی قوتابیانی کوردستان دەکات و ده‌ڵێت، مایەی شانازیمە کە ڕۆژگارێک لە ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستاندا کارم کردووە و لەگەڵ کۆمەڵێک ھاوپۆل و ھاوکار و ھاوڕێی قوتابیدا، خزمەتمان بە ئامانجەکانی ئەو ڕێکخراوە پێشەنگە کردووە.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی بۆ یەکێتیی قوتابیانی کوردستان.

بە گەرمی پیرۆزبایی یادی حەفتا و یەک ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و لقەکان و تەواوی ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتییە پێشەنگەکەتان دەکەم، ھیوادارم ھەمیشە لە سەرکەوتن و‌ پێشکەوتنی بەردەوامدا بن.

مایەی شانازیمە کە ڕۆژگارێک لە ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستاندا کارم کردووە و لەگەڵ کۆمەڵێک ھاوپۆل و ھاوکار و ھاوڕێی قوتابیدا، خزمەتمان بە ئامانجەکانی ئەو ڕێکخراوە پێشەنگە کردووە، بەڕێز و پێزانینەوە لە خەبات و تێکۆشانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان لە ھەموو سەردەمەکاندا دەڕوانین کە ھەمیشە وەک قوتابخانەیەکی پێگەیاندنی سەرکردە و کادیرانی پێشکەوتوو بووە.

لەم یادەدا جەخت لە ڕۆڵی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان دەکەینەوە بۆ برەودان بە کاری ڕێکخراوەیی و پاراستنی مافەکانی قوتابیان و ئەوپەڕی بایەخ و گرنگیدان بە زانست و فێربوون و پەروەردەیەکی دروست کە ببێتە بناغەی داھاتوویەکی باشتر و کۆمەڵگە و وڵاتێکی پێشکەوتوو، بۆ ئەمە ھیوا و بڕوامان بە قوتابیانی کوردستان و تواناکانیان ھەیە و ھەموو پشتگیریەکیان بۆ دووپات دەکەینەوە.

لەم یادەدا بەڕێزەوە ھەموو شەھیدانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و تەواوی شەھیدانی کوردستان ‌بەبیر دەھێنینەوە و سڵاو و دروود لە گیانی پاکیان.

 

نێچیرڤان بارزانی

٢٠٢٤/٢/١٨ ‌

 

هەواڵی پەیوەندیدار