٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان دەکات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سه‌رۆك بارزانی، بۆ یادی 71 ساڵه‌ی دامه‌زراندنی  هەردوو ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، په‌یامێكی پیرۆزبایی ئاڕاسته‌ كرد و دووپاتی كرده‌وه، هه‌ردوو ڕێكخراو لە قۆناغی ئێستادا پێویستە لە ئاست چاوەڕوانیی كۆمەڵگە و دۆزی ڕەوای گەلەكەیاندا بن.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی سەرۆك بارزانی بۆ یادی حەفتاویەك ساڵەی دامەزراندنی هەردوو ڕێكخراوی یەكێتیی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان

بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی حەفتاویەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی لاوان و قوتابیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم.

قوتابیان و لاوانی کوردستان لە دەستپێكی دامه‌زراندنیان لە شۆڕشی ئەیلوول هەتا ئەمڕۆ سەنتەری پێگەیاندنی ڕۆڵەی بە وەفا و خەباتگێڕ و سەركردەی بە توانا بوونە و هەمیشە وزە و تینی تازەیان داوەتە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و لەو ڕێگەیەدا قوربانیان داوە.

هەردوو ڕێكخراوی یەكێتی قوتابیان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان لە قۆناغی ئێستادا پێویستە لە ئاست چاوەڕوانیی كۆمەڵگە و دۆزی ڕەوای گەلەكەیاندا بن. قوتابیان و لاوان هەمیشە ئومێدی گەلی كوردستانن و پێویستە لە خەبات و تێكۆشانیاندا پابەندی بەها بەرزەكانی ڕێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری بن و بە چەكی زانست و هۆشیاری خزمەتی ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان و پێگەیاندنی گەنج و لاوی هۆشیار و بڕوابەخۆبوو بكەن.

 

دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و بمێنن بە خێر و خۆشی

 

مسعود بارزانی

18ی شوباتی 2024

هەواڵی پەیوەندیدار