نێچیرڤان بارزانی بۆ لاوان: وەک ھەمیشە پشتگیر و پشتیوانتان دەبین

ھەولێر-KDP.info- بەبۆنەی حەفتا و یەک ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، بە گەرمی پیرۆزبایی لە یەکێتی لاوان دەکات و دەشڵێت، وەک ھەمیشە پشتگیر و پشتیوانتان دەبین و بە بڕوا و گەرموگوڕیی زیاترەوە، بە دڵسۆزی و بەرپرسانە، برەو بە خەبات و خزمەت بدەن.
دەقی پەیامی پیرۆزبایی نێچیرڤان بارزانی بۆ یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان.
یادی حەفتا و یەک ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، بە گەرمی پیرۆزبایی لە بەڕێزان سکرتێر و کارگێڕانی سکرتاریەت و ناوەندەکانی لاوان و تەواوی ئەندامان و لایەنگرانی یەکێتیە تێکۆشەرەکەتان پیرۆز دەکەم، ھیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامتان بۆ دەخوازم.
لە کاتێکدا ئەم یادە دەکەینەوە، بە ڕێز و پێزانینەوە لە کاروانی دوور و درێژی خەبات و خزمەتتان بە لاوانی کوردستان و قوربانییەکانتان لەپێناو گەل و نیشتمان و پاراستنی مافەکانی لاواندا دەڕوانین. ڕۆڵ و ئامادەیی و ڕەنج و ماندووبوونتان لە سەردەمی شۆڕش و خەباتی پێشمەرگایەتی و پێگەیاندنی سەرکردە و کادیری دیار، ھەروەھا لە ئازادیشدا بەرز و بەڕێزەوە ھەڵدەسەنگێنین.
لەم یادەدا بە بڕوا و گەرموگوڕیی زیاترەوە، بە دڵسۆزی و بەرپرسانە، برەو بە خەبات و خزمەت بدەن بۆ ئەوەی لاوان ئامادەیی و ڕۆڵی کاریگەریان ھەبێت، بەشدار و ھاوبەشی کارا بن لە بەرەو پێشبردنی وڵات لە ھەموو بوارەکاندا و پێکەوە داھاتوویەکی باشتر بنیات بنێین. ئێمەش وەک ھەمیشە پشتگیر و پشتیوانتان دەبین و شانازی بەو ڕۆژانەوە دەکەم کە لە ڕیزەکانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستاندا کارم کردووە.
سڵاو لە یادی دامەزراندنی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و دروود بۆ گیانی شەھیدانی یەکێتییەکەتان و تەواوی شەھیدانی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی
٢٠٢٤/٢/١٨




