٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د.ئاراس عەبدوڵڵا: ھاوپەیمانان دەتوانن تا ٢٥ ساڵی دیکە لە عێراق بمێنەوە.

سەرچاوە: KDP.info

شرۆڤەکارێکی سیاسی پێی وایە، ئەگەر ڕێککەوتنیش بکرێت بۆ دەرچوونی ھێزەکانی ھاوپەیمانان تا چەند ساڵی دیکەش ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق دەمێنەوە، دەشڵێ: لە نەتەوە یەکگرتووەکان ڕێککەوتنی نێوان عێراق _ ئەمریکا تۆمارکراوە.

ڕۆژی ١٤ی شوبات لە میانەی دیداری نێوان سەرۆک بارزانی و بالیۆزی ئەمریکا بە وەکالەت لە عێراق سەبارەت بە دۆخی مانەوەی ھێزی ھاوپەیمانان لە عێراق سەرۆک بارزانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەم بابەتە پرسێکی نیشتیمانییە و پەیوەست نییە تەنیا بە پێکھاتەیەکی دیاریکراو و دەبێ ئەم بابەتە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە و لە ڕێگەی وەزارەت و دامەزراوە فەرمییەکان بە گفتوگۆ لەگەڵ ھاوپەیمانان بگەنە ڕێککەوتن و ئەنجام. دەبێ ھەموو پێکھاتەکانی عێراقیش ئەو ڕاستییە بزانن ھێشتا ھەڕەشەی تیرۆر و مەترسیی سەرھەڵدانەوەی ھەر بەرقەرارە.
ھەر لەبارەی ئەم پرسەوە سەرۆک بارزانی ئەوەی زیاتر بۆ شاندی میوان ڕوونکردەوە کە پێویستە ھەموو لایەک پشتیوانی پڕۆسەی دیالۆگ و ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و ھاوپەیمانان بن و ئەم بابەتە ئەرکی پەرلەمان نییە و لەپێناو بەرژەوەندییەکانی عێراق دەبێ دوور بێت لە موزایەدەی سیاسی و لێکەوتە و ھاوکێشەکانی ھەرێمایەتی و دەبێ بەرژەوەندی و سەقامگیری و ئاسایشی ھەموو شوێن و پێکھاتەکانی عێراق لەبەرچاو بگیرێت.

د. ئاراس عەبدوڵڵا، شرۆڤەکاری سیاسی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: لە ئێستا زۆر باس لە دەرچوونی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق دەکرێت و پرسێکی گەرمی نێو شەقامی عێراقە، بەڵام ئەگەر بێت و ھەردوو وڵاتی عێراق و ئەمریکا بگەنە ڕێککەوتن بۆ دەرچوونی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێ بەیانی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عیراق دەکشێنەوە و ئەو وڵاتە بەجێدێڵن، بەپێچەوانەوە ئەگەر بگەنە ڕێککەوتنیش تا چەند ساڵی دیکە ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق دەمێنەوە.

ئەو شرۆڤەکارە پێی وایە، بەپێی ڕێککەوتنی پێشووی نێوان عێراق و ئەمریکا دوای ڕێککەوتن بۆ کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان تا ٢٥ ساڵ ئینجا ھێزەکانی ھاوپەیمان لە عێراق دەکشێنەوە، واتە لە ڕۆژی ڕێککەوتنەکە تا ماوەی ٢٥ ساڵ ھێزی ھاوپەیمانان بە قۆناغ دەکشێنەوە.

د.ئاراس عەبدوڵڵا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پرسی کشانەوەی ھاوپەیمانان لە عێراق پرسێکی ئاسایی نییە وەک ھەندێ خەڵک و سیاسیی عێراق بیری لێدەکەنەوە، چونکە یەکێکە لە پرسە ستراتیژییەکان و لە ئەمانەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش ئەو ڕێککەوتنە تۆمار کراوە، مانەوەی ھاوپەیمانان بۆ ئێستای عێراق پێویستە، چونکە ھێشتا زۆر مەترسی دیکە ماون لەسەر عێراق، دەرچوونی ھاوپەیمانان پێویستی بە بڕیارێکی ژیرانەی نیشتمانیی ھەیە نەک تەنیا لایەنێک بڕیاری لەسەر بدات.

قائید میرۆ
 

هەواڵی پەیوەندیدار