سكرتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان: پشتیوانی په‌یامی سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌ین، ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ یاساكانی كوردستانه

سكرتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان باس له په‌یامی سه‌رۆك بارزانی ده‌كات له‌باره‌ی قه‌واره‌ی هه‌رێمی كوردستان و یاساكانی كوردستانه‌وه و دەڵێت: ناكرێت هیچ هێزێك فه‌رزی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌سه‌ر یاساكانی كوردستاندا بكات.
كۆتایی هه‌فته‌ی ڕابردوو لە سەڵاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە دەیڤید برگەر، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق بە وەكالەت و شاندێكی یاوەری كرد، لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی دوایین پەرەسەندنەكانی عێراق و ناوچەكە و هەڕەشەكانی تیرۆر و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و ئاستەنگەكانی بەردەم ئەو پەیوەندییانە ئاڵوگۆڕ كرا، سه‌رۆك بارزانی جه‌ختی له‌وه كرده‌وه پێویستە هەموو لایەك پابەندی ئەو دەستوورە بن كە گەلانی عێراق دەنگیان پێ داوە و قەوارەی هەرێمی كوردستان و دامەزراوەكانی بپارێزرێن. ناشبێ بەشێوەیەكی نادەستووری دەست لە پرۆسەی یاسادانانی هەرێم بكرێت. هەروەك لە دەستووریشدا بەڕوونی هاتووە لە دۆخی بوونی جیاوازی لەنێوان یاساكانی هەرێم و یاساكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەوە ئەولەوییەت بۆ یاساكانی هەرێم دەبێت.
له‌م باره‌یەوه به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا، سكرتێری حزبی زه‌حمه‌تكێشانی كوردستان بۆ ماڵپه‌ری فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی: دوای په‌سه‌ندكردنی ده‌ستوور له‌لایه‌ن گه‌لانی عێراق و كوردستانه‌وه له 2005 ئه‌و ماددانه‌ی په‌یوه‌ندییان به كوردستانەوە هه‌یه له ده‌ستوور وه‌ك په‌رله‌مان و حكوومه‌ت كه لەلایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه بڕیاریان بۆ ده‌رده‌چێت، شه‌رعیه‌ت دراوه به دامه‌زاروه ده‌ستوورییه‌كانی كوردستان، به‌ڵام به‌داخه‌وه حكوومه‌تی عێراق پابه‌ند نییه به‌و بڕگه و ماددانه‌وه كه په‌یوه‌ندییان به كوردستانه‌وه هه‌یه، به‌شێوه‌ی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ بڕگه و خاڵه‌كانی ده‌ستوور ده‌كه‌ن، هه‌ر له بابه‌تی بودجه و سه‌رژمێری و پرسی پێشمه‌رگه و هه‌ر بابه‌تێكی په‌یوه‌ندی به كوردستانەوە هه‌یه خۆیان ده‌دزنه‌وه و پێشێلی ده‌كه‌ن، ئامانج له‌و بابه‌ته ئه‌وه‌یه له کوردستان بده‌ن و ده‌سه‌ڵاته شه‌رعییه‌كان له کوردستان وه‌ربگرنه‌وه و لێی كه‌مبكه‌نه‌وه، هه‌موو ئاماژه‌كان دیارن سیاسه‌تی ناحه‌زانه‌یه له‌به‌غداوه په‌یڕه‌و ده‌كرێت به‌تایبه‌ت له دووسێ ساڵی ڕابردوو، دیاره كه بابه‌تی نه‌وتیان لێ قه‌ده‌غه كردووین و مادده‌ی 140یان پشتگوێ خست و پرسی پیشمه‌رگه‌یان به‌و ده‌رده برد، ته‌واوی بابه‌ته‌كان دیارن كه عه‌قلیه‌تێك له عێراق هه‌یه باوه‌ڕی به ده‌ستوور نییه و پاشگه‌ز بوونه‌ته‌وه.
گوتیشی: ئێستا عه‌قلیه‌تێك هەیە له عێراق باوه‌ڕی به فیدرالیه‌ت نییه و ئێمه هه‌میشه جه‌ختمان له‌وه كردووه‌ته‌وه كه ده‌ستوور حه‌كه‌م بێت له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، له‌كوێدا حكوومه‌تی عێراق پابه‌ند نییه ده‌بێت له‌وێدا ئاماده‌یی خۆی نیشان بدات، بودجه بڕین و نه‌ناردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم دیاره کە به به‌رنامه كارده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی جۆرێك له نه‌بوونی شه‌رعیه‌ت له‌لایه‌ن دامه‌زاروه‌كانی كوردستانه‌وه دروست بێت، ده‌بێت له‌ناوخۆدا ئێستا پشتیوانی ئه‌و په‌یامەی سه‌رۆك بارزانی بكرێت و به یه‌كگرتوویی ڕووبه‌ڕووی ئه‌و ته‌حه‌دیاته‌ی به‌غدا ببینه‌وه، ئه‌مه پرسێكی ده‌ستوورییه و ناكرێت له‌ڕێگای ناشه‌رعییه‌وه له دامه‌زاروه‌كانی كوردستان بدرێت، گرنگه كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی ئاگادار بكه‌ینه‌وه كه فشار له عێراق بكات بۆ ڕاگرتنی ئه‌و زوڵمه‌ی له كوردستان دەکرێت.
به‌ڵێن عه‌بدوڵڵا، ڕایشیگه‌یاند: وه‌ك سه‌رۆك بارزانی ده‌ڵێت: (ناشبێ بەشێوەیەكی نادەستووری دەست لە پڕۆسەی یاسادانانی هەرێم بدرێت. هەروەك لە دەستووریشدا بەڕوونی هاتووە لە دۆخی بوونی جیاوازی لەنێوان یاساكانی هەرێم و یاساكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەوە ئەولەوییەت بۆ یاساكانی هەرێم دەبێت)، ئێمه په‌رله‌مانمان هه‌یه یاسای ده‌ركردووه بۆ هه‌ڵبژاردن، ئه‌و یاسایه تێكڕای لایه‌نه‌كانی كوردستان لەسەری ڕەزامه‌ندبوون و به‌ده‌نگی تێكڕای په‌رله‌مانتارانی كوردستان په‌سه‌ندكراوه، ئیستاش هه‌ر پرسێك بێته ئاراوه ده‌بێت په‌رله‌مان چاره‌سه‌ری ئه‌و پرسانه بكات، به‌داخه‌وه ده‌بوو هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی کوردستان له‌كاتی خۆی بكرێت، هیچ بیانویه‌ك نه‌بوو، به‌ڵام پرسیاری گرنگ ئه‌وه‌یه كه دادگای فیدرالی چ په‌یوه‌ندی به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌یه؟ چونكه ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ی نییه په‌رله‌مان به ناشه‌رعی له‌قه‌ڵه‌م بدات و به‌ئاشكرا ده‌یانه‌وێت هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت چونكه ئه‌وه چه‌ندین جاره له كۆبوونه‌وه‌ی دادگای فیدرالی دوایده‌خه‌ن، ده‌یانه‌وێت كوردستان تووشی به‌رپرسیاریه‌تی بێت، بۆیه ناكرێت كوردستان له‌وه زیاتر چاوه‌ڕێ بكات، هه‌ر یاسایه‌ك له په‌رله‌مانی کوردستان ده‌رچوو ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ یاساكانی كوردستانه نه‌ك عێراق ئه‌وه په‌رله‌مانی كوردستان په‌سه‌ندی كردووه به‌غدا ناتوانێت یاساكانی خۆی فه‌رز بكات به‌سه‌ر كوردستاندا، ئه‌و یاسایانه ده‌رچوون و هه‌ڵبژاردنی پێكراوه و شه‌رعیه‌تی وه‌رگرتووه و ئێستا ئه‌و پاشگه‌زبوونه‌وەیه له ئه‌نجامنه‌دانی هه‌ڵبژاردن خۆی له‌خۆیدا پرسیار دێنێته پێشه‌وه كه ئه‌وان هه‌میشه ده‌یانه‌وێت كوردستان له ژێر فشاردا بێت.
ئه‌وه‌یشی خسته‌ڕوو: له ده‌ستووری عێراقدا هاتووە: له ده‌رچوونی یاسا له یه‌ك بابه‌ت یه‌كێكیان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران و یه‌كێكیان له په‌رله‌مانی کوردستان، دواجار ئه‌وله‌ویه‌ت بۆ یاساكه‌ی كوردستانه نه‌ك عێراق كه په‌یوه‌ندی به كوردستانه‌وه هه‌بێت بۆیه ئه‌و یاسایانه‌ی له په‌رله‌مانی کوردستان ده‌رده‌چن جێگره‌وه‌ی نییه و په‌یامی سه‌رۆك بارزانی له‌و بارەیه‌وه په‌یامێكی ڕوونه، ده‌ستخۆشی لێ ده‌كه‌ین و له كوردستان ئه‌وه‌ی به‌رانبه‌رمان ده‌كرێت ڕوونه و ده‌بێت لایه‌نه‌كان له‌وه تێبگه‌ن ئه‌م كوردستانه هی هیچ حزبێك نییه هی خه‌ڵكی كوردستانه، ئه‌وه‌ی له به‌غداوه ده‌كرێت هه‌وڵی نه‌زۆكن بۆ ئه‌وه‌ی خۆیان به‌سه‌ر كوردستاندا فەرز بكه‌ن.




