لیژنەی ئاسایش و بەرگری: لەبارەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق حکوومەت بڕیار دەدات

ھەولێر _KDP.info_ سەرۆک بارزانی لەمیانەی پێشوازی کردن لە بالیۆزی ئەمەریکا لە عێراق بەوەکالەت باسی لەوە کرد: پرسی مانەوەی ھێزی ھاوپەیمانان لە عێراق، پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەست نییە بە تەنیا پێکھاتەیەکی دیارکراو و پێویستە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە و لەلایەن وەزارەت و دامەزراوە فەرمییەکان بە گفتوگۆ لەگەڵ ھاوپەیمانان بگەنە ڕێککەوتن و ئەنجام و پێویستە ھەموو پێکھاتەکانی عێراقیش ئەوە بزانن ھێشتا ھەڕەشەی تیرۆر و مەترسی سەرھەڵدانەوەی ھەر بەرقەرارە.
لەم باریەوە جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی: کشانەوەی ھێزی ھاوپەیمانان لە عێراق ئاسان نییە و گفتوگۆی زۆری پێویستە و ناتواندرێت بەبڕیارێک ھێزەکان بکشێنەوە، پێویستە حکوومەتی عێراق بڕیاری لێ بدات نەک تەنیا پێکھاتەیەک.
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: گفتوگۆکانی نێوان عێراق و ھاوپەیمانان بە بەشداری ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت و کاتی زۆریشی پێویستە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتن، لەبەر ئەوەی ئەو پرسە وا ئاسان نییە بتوانرێت زوو بڕیاری لێ بدرێت، چونکە ئەوە کۆمەڵێک پرسی پێکەوە گرێدراون و پێویستە بە ھەمووان یەکلایی بکەنەوە، وەکو پرسی ئەمنی و ئابووری و چەند پرسێکی دیکەش.
سەگڤان سندی گوتیشی: پێویستە حکوومەتی عێراق کە لە ھەموو پێکھاتەکان پێکھاتووە بڕیار لەبارەی ھاوپەیمانان لە عێراق بدات نەک تەنیا یەک پێکھاتە، چونکە حکوومەت کە بڕیارێکی دا پێویستە دواتر بەرپرسیارەتی ئەو بڕیارە ھەڵبگرێت، پێویستە ھەر بڕیارێکیش کە دەدرێت لە بەرژوەندی گشتی دابێت، ئێستاش کشانەوەی ھاوپەیمانان لە عێراق لەم بارودۆخەدا کارێکی باش نییە و جارێ عێراق پێویستی بە ھێزەکانی ھاوپەیمانان ھەیە، بۆیە پێویستە ئەو ھێزانە لە عێراق بمینێنەوە.
بڵند ئیبراھیم




