پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان پشتگیری خۆیان بۆ وتەکانی سەرۆک بارزانی دووپات دەکەنەوە
__2024_02_17_h16m20s33__ER.jpg)
ھەولێر _KDP.info_ وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: ئێمە وەکو پێکھاتەکان پشتگیری لە وتەکانی سەرۆک بارزانی دەکەین بۆ ئەوەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەزووترین کات ئەنجام بدرێت و چیتر دوانەخرێت، چونکە ڕەھەندی نیشتمانی ھەیە.
ئایدن مەعرووف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەداخەوە پرسی بڕیاردان لەبارەی یاسای ھەڵبژاردن گەیشتە ئەو قۆناغە و داوا دەکەین دادگا سبەی ئەو سکاڵایە ڕەتبکاتەوە یاخود بڕیارێکی دادپەروەرانە بدات، ئێمە لەگەڵ ئەوەدانین زیاتر دوابخرێت، ئەگەر دوابخرێت بۆ مەرامی سیاسییە و بۆ دواخستنی ھەڵبژاردنە، چونکە ١٠ مانگە دوادەخرێت و پێویستە ئەمجارە دوابڕیار بێت و زیاتر دوانەخرێت، چونکە ئێمە لەگەڵ ئەوە دانین کورسی کۆتا دەستکاری بکرێت و پێویستە سکاڵاکە ڕەتبکرێتەوە.
ئایدن مەعرووف گوتیشی: ئێمە وەکو پێکھاتەکان لە ھەرێمی کوردستان پشتیگری لە بڕیارەکانی سەرۆکی ھەرێم دەکەین بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و کۆبوونەوەی سەرۆکایەتی ھەرێم و دەسەڵاتی دادوەری بۆ دیارکردنی دەرچەیەکی یاسایی کە ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، بۆیە ھەموومان پشتگیری لێ دەکەین و پێمان وایە پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت و زیاتر دوانەخرێت.
مەعرووف باسی لەوەش کرد: پێشنیاری سەرۆک بارزانی بۆ ئەوەی زیاتر ھەڵبژاردن دوانەخرێت و بیانووی یاسایی بۆ نەدۆزرێتەوە لە جێگەی خۆیەتی و ئێمە پشتگیری لێ دەکەین و داواش دەکەین ھەڵبژاردن بەزووترین کات ئەنجام بدرێت، ناکرێت بەبیانووی یاسایی زیاتر دوابخرێت، بۆیە وەکو پێکھاتەکان پشتگیری لە سەرۆک بارزانی دەکەین، لەبەر ئەوەی سەرۆک بارزانی ھەمیشە پاڵپشتییەکی گەورەی لە پێکھاتەکان کردووە، ئێمەش پشتگیری لەپێشنیارەکەی دەکەین بۆ ئەوەی ھەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت، چونکە ڕەھەندی نیشتمانی ھەیە.
سەرۆک بارزانی لە کۆتایی ھەفتەی ڕابردوو لە ١٤ی شوبات پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لە عێراق بە وەکالەت کرد و لەمیانەی پێشوازیەکەشدا باسی لەوە کرد: پێویستە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و نابێت بە بیانووی نادەستووری دەست لە پرۆسەی ھەڵبژاردن و ڕێوشوێنەکانی وەربدرێت، نابیت کۆسپی بۆ دروست بکرێت و ھەوڵ بۆ دواخستنی بدرێت بە بیانووی تانەی یاسایی.
بڵند ئیبراھیم




