لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت نەخۆشخانەیەک لە قوشتەپە دروست دەکرێت
__2024_02_17_h16m18s8__ER.jpg)
قوشتەپە _KDP.info_ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وەزارەتی تەندروستی ڕاسپاردووە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی گشتی لە قەزای قوشتەپە، قایمقامی قەزاکەش دەڵێ: یەکێک لە داواکارییەکانی ئێمە بۆ سنووری قەزاکە دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی گشتیە و دوای تەواوبوونی کاریگەری لەسەر کەرتی تەندروستی دەبێت.
بژار مەلا خدر، قایمقامی قوشتەپە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: دوای ھێنانە کایەی قەزای قوشتەپە و دەستبەکاربوونمان وەک قایمقام ژمارەیەک داواکاریمان پێشکەش بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە لە ڕێگەی پارێزگاری ھەولێر، داوای ژمارەیەک پڕۆژەمان کردووە بۆ سنووری قەزاکە، یەکێک لەو پڕۆژانەی ئێمە داوامان کردبوو دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی گشتییە لە قەزای قوشتەپە، چونکە جگە لە دانیشتووانی سنووری قەزای قوشتەپە لە کانی قڕژاڵە تا بێستانە بێ نەخۆشخانەیە و ھەتا ئەو ھاووڵاتییانەی لە کەرکووکەوە دێنە ھەولێر سوود لە نەخۆشخانەکە دەبینن.
قایمقامی قوشتەپە دەڵێ: کەرتی تەندروستی لە سنووری قەزاکەمان وەک پێویست نییە و سنوورێکی بەرفراوانی ھەیە، نەبوونی نەخۆشخانە یەکێکە لە کێشەکان لەبەر ئەوەش داوامانکرد نەخۆشخانەیەکی گشتی لە سنوورەکە دروست بکرێت و پێداچوونەوەش بە کۆی سیستەمی تەندروستیدا بکرێت بۆ زیاتر خزمەتکردنی دانیشتوانی قوشتەپە.
بژار مەلا خدر ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: دیارە بەڕێز سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم وەزارەتی تەندروستی ڕاسپاردووە بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی ١٠٠ تەختی لە قەزای قوشتەپە و شوێنیش دیارکراوە لە سەنتەری قەزاکە دروست دەکرێت، بێگومان دوای تەواوبوونی کاریگەری زۆری دەبێت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی.
قائید میرۆ




