سهرۆكى ههرێمى كوردستان و شاى ئوردن بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتهكانى ناوچهكهیان تاوتوێ کرد

ھەولێر-KDP.info- سهرۆكى ههرێمى كوردستان لەگەڵ شاى ئوردن کۆبووەوە. بارودۆخی سیاسی و دوا پێشهاتهكانى ناوچهكهیان تاوتوێ کرد.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە 2024/2/17 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كۆنفرانسی ئاساییشی میونشن لە ئەڵمانیا، لەگەڵ خاوەنشكۆ شا عەبدوڵڵا بن حوسەینی دووەم، شای ئوردن، كۆبووەوە و دەربارەی پەیوەندییەكانی ئوردن لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و دوا پێشهاتەكانی ناوچەكە، گفتوگۆیان كرد.
هەردوولا باسیان لە مەترسیی ئەگەری پەرەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و فراوانبوونی كاریگەری و لێكەوتەكانی كرد كە ئەمەش دەبێتە هەڕەشە لەسەر ئارامی و سەقامگیریی ناوچەكە، بۆیە بە پێویستیان زانی لە هەموو لایەكەوە هەوڵی ئارامكردنەوەی دۆخەكە بدرێت.
هەردوولا خواستی خۆیان بۆ برەودان بە پەیوەندییەكان و فراوانكردنی بوارەكانی هاریكاریی هاوبەش دەربڕی. لەمبارەیەوە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی، ستایشی پەیوەندیی لەمێژینەی شانشینی ئوردن و خانەوادەی بەڕێزی شاهانەی هاشمی، لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد.
لە دوا تەوەری كۆبوونەوەكەدا، ڕەوشی عێراق و ناوخۆی هەرێمی كوردستان و مەترسییەكانی تیرۆریان لە ناوچەكە، باس كرد.




