٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی بەریتانیا كۆبووەوە

سەرچاوە: KDP.info

میونشن-KDP.info- بەیانیی ئەمڕۆ شەممە 2024/2/17 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە كۆنفرانسی ئاساییشی میونشن لە ئەڵمانیا، لەگەڵ دەیڤد كامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا كۆبووەوە.

لە كۆبوونەوەكەدا دەربارەی دوایین پێشهات و ئاڵنگارییە ئەمنییەكان لە عێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەكردنی كێشەكانیان، هەڵبژاردن و دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، گفتوگۆیان كرد.

هەردوولا دید و تێڕوانینی خۆیان لەسەر پێشهاتە ئەمنییەكان و بەئامانجگرتنی هێزەكانی هاوپەیمانان لە عێراق و كاردانەوەیان، شەڕ لە غەززە و دۆخی شڵەژاوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست خستەڕوو. لەمبارەیەوە جەختیان كردەوە كە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەكان، مەترسی و هەڕەشەی جددی لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە دروست دەكات. 

لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، هاریكاریی هاوبەشی بەریتانیا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی ئەمنی و سیاسیی عێراق و هەرێمی كوردستان، مەترسییەكانی داعش لەسەر عێراق و سووریا و پرسی كۆچی نایاسایی، باس كران.

وەزیری دەرەوەی بەریتانیا پابەندیی وڵاتەكەی بە بەردەوامیی هاوكاری و پشتگیری لە عێراق و هەرێمی كوردستان و برەودان بە پەیوەندییەكان دووپات كردەوە. لای خۆیەوە سەرۆكی هەرێمی كوردستان ستایشی پشتگیری و هەڵوێستی بەریتانیای بەرامبەر‌ بە عێراق و هەرێمی كوردستان كرد.

هەواڵی پەیوەندیدار