٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

مانەوەی ھێزی ھاوپەیمانان لە عێراق پرسێکی نیشتیمانییە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- پسپۆرێکی زانستە سیاسیەکان پێی وایە، بڕیارەکان سەبارەت بە مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق، بە شێوەیەکی لۆجیکی دەبێ لە ڕێگەی وەزارەت و دامەزراوە فەرمییەکانەوە بێت، ھاوتەریب لەگەڵ پرۆتۆکۆڵە دیپلۆماسییەکان و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بدرێن، دەشڵێ، مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق پرسێکی نیشتمانییە کە کاریگەری لەسەر تەواوی وڵات ھەیە، نەک تەنھا پێکھاتەیەکی دیاریکراو.

ڕۆژی چوارشەممەی حەفتەی ڕابردوو سەرۆک بارزانی پێشوازی لە دەیڤید برگەر، باڵیۆزی ئەمریکا بە وەکالەت لە عێراق کرد و تێدا سەرۆک بارزانی جەختی کردەوە، بابەتی مانەوەی ھێزی ھاوپەیمانان لە عێراق پرسێکی نیشتیمانییە و پەیوەست نیە تەنیا بە پێکھاتەیەکی دیاریکراو، دەبێت ئەم بابەتە لەلایەن حکوومەتی عێراقەوە و لە ڕێگەی وەزارەت و دامەزراوە فەرمییەکان بە گفتوگۆ لەگەڵ ھاوپەیمانان بگەنە رێککەوتن و ئەنجام.

دکتۆر سانع شەریف، مامۆستای زانکۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارەکان سەبارەت بە مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق، بەشێوەیەکی لۆجیکی دەبێ لە ڕێگەی وەزارەت و دامەزراوە فەرمییەکان، ھاوتەریب لەگەڵ پرۆتۆکۆڵە دیپلۆماسییەکان و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان بدرێن، ئەمەش شەفافیەت و ڕێزگرتن لە پرۆسەکانی بڕیاردانی سەروەری وڵات مسۆگەر دەکات، کاتێک باس لە بڕیاردان دەکرێت کە پەیوەندییان بە مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانانەوە لە عێراقدا ھەیە، گرنگە کەناڵە دیپلۆماسییە دامەزراوەکانی عێراق پەیڕەو بکرێت و ڕێز لە سەروەری نیشتمانی بگیرێت، ئەمەش بە شێوەیەکی گشتی گفتوگۆ و دانوستان لە نێوان وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتدا دەگرێتەوە، وەک بەرگری، کاروباری دەرەوە و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکەی حکوومەتی عێراق کە پەیوەندیدارن".

سەرۆک بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەش کردبوو: "دەبێ ھەموو پێکھاتەکانی عێراق ئەو راستییە بزانن کە ھێشتا ھەڕەشەی تیرۆر و مەترسی سەرھەڵدانەوەی ھەر بەرقەرارە، پێویستە ھەموو لایەک پشتیوانی پرۆسەی دیالۆگ و رێکەوتنی نێوان حکوومەتی عێراق و ھاوپەیمانان بن و ئەم بابەتە ئەرکی پەرلەمان نییە و لە پێناو بەرژەوەندییەکانی عێراق دەبێت دووربێت لە موزایەدەی سیاسی و لێکەوتە و ھاوکێشەکانی ھەرێمایەتی و دەبێ بەرژەوەندی و سەقامگیری و ئاسایشی ھەموو شوێن و پێکھاتەکانی عێراق لەبەرچاو بگیرێت".



ئەو مامۆستایەی زانکۆ پێی وایە: "ئەم باسانە ڕەنگە ڕەچاوکردنی وەک ڕێکخستنە ئەمنییەکان، ئامانجە ستراتیژییەکان، ڕێککەوتنە یاساییەکان و کاریگەرییە گشتییەکان لەسەر پەیوەندییە دوو لایەنەکان لەخۆ بگرن، ئەم بڕیارانەش کە لە ڕێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە دەدرێن یارمەتیدەرن بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەنگیان لە پرۆسەکەدا ھەیە و ڕێککەوتنەکان بە شێوەیەکی شەفاف و لێپرسینەوە ئەنجام دەدرێن دوور لە دەستێوەردانی دەرەکی، و زیاتر سیفەتێکی نیشتمانپەروەرانە وەردەگرێت".

ھاوکات باس لەوەش دەکات: "مانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق پرسێکی نیشتمانییە کە کاریگەری لەسەر تەواوی وڵات ھەیە، نەک تەنھا پێکھاتەیەکی دیاریکراو، ئەمەش دڵنیای دەدات لەوەی کە بڕیارەکان لە بەرژەوەندی گشتی میللەتدا دەدرێن، بە لەبەرچاوگرتنی دیدگا و ڕەچاوکردنی تەواوی پێکھاتە جیاوازەکانی وڵات نەک یەک پێکھاتە، بۆ نموونە ئەگەر بەھۆی پێکھاتەیەکی جیاوازەوە بڕیار لەسەر ئەم پرسە بدرێت ئەوا ناسەقامگیری زیاتر بەھۆی ھەڕەشەکانی گرووپە چەکدارەکانەوە ڕوو لە وڵات دەکات، ئەمەش وادەکات حکوومەتی عێراق لە ھاوکاری ھاوپەیمانان لە پاراستنی سەروەری وڵات و ڕای گشتیدا بێ سەنگ بێت".

د. سانع شەریف دەڵێت: "دەبێت لە ڕێگەی ڕاوێژ لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی فیدڕاڵ بڕیار بدرێت کە ئایا ھێزەکانی ھاوپەیمانان بمێنێتەوە یان نا، ئەمەش دڵنیای دەدات کە بڕیارەکان ھاوتەریبن لەگەڵ بەرژەوەندی و پابەندییەکانی عێراق، بەبێ ڕاوێژ و بڕیاری تاک لایەنە بۆ دەرچوونی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق ڕەوشی عێراق زیاتر دەخاتە مەترسی".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار