٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

غەفوور مەخمووری: پشتگیری لە وته‌كانی سەرۆک بارزانی دەکەین و پێویستە ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی لە کۆتایی ھەفتەی ڕابردوو لە ١٤ی شوبات پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریکا لەعێراق بە وەکالەت کرد و لەمیانەی پێشوازیەکەشدا باسی لەوەکرد، پێویستە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت و نابێت بە بیانووی نادەستووری دەست لە پرۆسەی ھەڵبژاردن و رێوشوێنەکانی وەربدرێت و نابێت کۆسپی بۆ دروست بکرێت و ھەوڵ بۆ دواخستنی بدرێت بە بیانووی تانەی یاسایی، لەمبارەیەوە سکرتێری حزبی یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، پشتگیری لەو گوتانە دەکەین و پێویستە ھەڵبژاردن ھەر چۆنێک بێت ئەنجامبدرێت بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگەی پەرلەمان ھەرچی کێشەمان ھەیە چارەسەری بکەین و پارێزگاری لە دەزگا دەستووری و شەرعیەکانی خۆمان بکەین.

غەفوور مەخمووری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەدایین ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و ھیچیتر دوانەخرێت، لەبەر ئەوەی تێبینی دەکەین عێراق لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵیەوە کێشەی یاسایی بۆ کوردستان دروست دەکات، کە ھەرێمی کوردستان دەزگاکانی وەکو سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمان و حکوومەت دەزگای دەستووری و شەرعین و ھەندێک شت ھەیە وەکو ھێنانە ناوەوەی دادگای فیدڕاڵی کارەکە ئاڵۆزتر دەکات و کێشەکان بە سیاسی دەکات و بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵیش سەرجەمیان دراون دەرھەق بە ھەرێمی کوردستان سیاسین و یاسایی نین، چونکە دەزانین لەژێر چ کاریگەریەک دراون، بۆیە پێویستە ھەموو لایەنە سیاسیەکان کار بکەین لەماوەیەکی نزیکدا ھەڵبژاردنێکی پاک و شەفاف ئەنجامبدرێت و لایەنە سیاسیەکان و خەڵکی کوردستان بەشداری تێدا بکەن و چیتر دوانەکەوێت و جارێکی دیکە ئەبدەیتی دەزگا و دامەزراوەکانی ھەرێمی کوردستان بکەینەوە و کێشەکانی بەرۆکی ھەرێمیان گرتووە لە ڕێگەی پەرلەمان چارەسەر بکەین".

مەخمووری گوتیشی: "ئێمە لە ڕێگەی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەتوانین پارێزگاری لە دەزگا دەستووری و شەرعیەکانی ھەرێمی کوردستان بکەین، وەکو حکوومەت و پەرلەمان، ناوبراو باسی لەوەشکرد، ئەوەی دەبیندرێت ڕاستە بیانووە و ھەندێک لایەنی سیاسی بۆ بیانوو پەنا دەبەنە بەر دادگای فیدڕاڵی لەکاتێکدا دەتوانین لە ناوخۆی ھەرێمی کوردستان ئەو کێشانە یەکلایی بکەینەوە و ناکرێت پەنا بۆ دادگا ببەین و زیاتر دواخستنی ھەڵبژاردنیش زیانی بۆ ھەرێمی کوردستان دەبێت، ئەگەر ئێمە لەخەمی نیشتیمان دایین پێویستە کار بکەین ھەڵبژاردن ئەنجامبدرێت و ھەوڵ بدەین ھەر کەلێنێک ھەبێت چارەسەر بکرێت و ڕێگە نەدرێت دوژمن لەو کەلێنانە بێنە ژوورەوە، بۆیە کاتی ئەوە ھاتووە لایەنەکان جلی تەنگی حیزبی فرێدەن و جلی کوردایەتی بپۆشن، بۆیە پێویستە ھەمووان وەکو کوردستانی کار بکەین و زیاتر رەچاوی بەرژەوەندی نەتەوەیی بکەین".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار