٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ھیچ پاساوێکی یاسایی بۆ ئەو ھەموو دواخستنەی دادگای فیدڕاڵی نەماوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- چاودێرێکی سیاسی باس لەوە دەکات، کۆبوونەوەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دادگای تەمیزی ھەرێم و وەزیری داد لەسەر پرسی ھەڵبژاردن زۆر باش و لەجێی خۆی بوو، ھاوکات دەشڵێ، ئەگەر دادگای فیدڕاڵی لە ماوەیەکی نزیکدا بڕیاری خۆی نەدات ئۆباڵی دواخستنی ھەڵبژاردن دەکەوێتە ئەستۆی ئەوان.

چاودێری سیاسی و مامۆستای زانکۆ، دکتۆر عومەر نورەدینی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ناکۆکی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان ھۆکارێکی سەرەکی بوو وایکرد بۆ چارەسەرکردنی کێشە و پرسەکان پەنا ببردرێتە بەر دادگای فیدڕاڵی، لەبارەی نادەستووریبوونی درێژکردنەوەی ماوەی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، لایەنێکی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان سکاڵای تۆمارکرد، بۆ یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش دیسان ھەر لایەنێکی سیاسی لە دادگای فیدڕاڵی داوای تۆمارکردووە، ڕێگا دروستەکە ئەوەیە لەناوخۆی ھەرێمی کوردستان لە نێوان لایەنەکان گفتووگۆی سیاسی بکرێت و ئەو کێشانەی ھەمانە چارەسەری بکەین و دادگای فیدڕاڵی وەکو سەنگەر بەرامبەر بەخۆمان و لەدژی یەکتری بەکارنەھێنین، ھەروەھا ھەر بەھۆی بوونی ناکۆکی سیاسی پەرلەمانی کوردستان نەیتوانی لەکاتی یاسایی خۆیدا کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنی ھەرێم کارا بکاتەوە و یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکات، بۆیە ئاساییە ناکۆکی سیاسی ھەبێت، بەڵام شێوازی ئیدارەدانی ئەو ململانێ و ناکۆکیە نابێ ببێتە ھۆی ئەوەی پەرلەمان نەتوانێ ئەرکە سەرەکیەکانی جێبەجێ بکات، یان بەسەر وادە دەستووری و یاساییەکاندا باز بدرێ، بۆ نموونە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە کاتی یاسایی خۆی".

دکتۆر عومەر نورەدینی باسی لەوەشکرد: "دواخستنی دووەم جاری ھەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەھۆی سکاڵا تۆمارکردن لە دادگای فیدڕاڵی بووە، لەماوەی ھەشت مانگدا دادگای فیدڕاڵی ١٤ جار دادبینی بۆ داواو سکاڵاکە کردووە، بەڵام تا ئێستا یەکلایی نەکراوەتەوە، ئەمەش بۆتە جێگەی پرسیار بۆ ئەو ھەموو دواخستن و درێژەکێشانە؟ لەڕاستیدا ھیچ پاساوێکی یاسایی بۆ ئەو ھەموو دواخستنە نەماوە، مرۆڤ ناچار دەبێ شک و گومانی سیاسی لا دروست ببێ، ئەمە لەکاتێکا ئەنجوومەنی ئێستای کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لەڕووی یاساییەوە لەمانگی حەوتی ئەمساڵ و ویلایەتی تەواو دەبێ بۆیە تابێ کات کەمتر دەبێتەوە دەبێ دادگای فیدڕاڵی ڕەچاوی ئەوە بکات و لەئایندەی نزیک بڕیاری خۆی بدات ئەگینا ئۆباڵ و بەرپرسیاریەتی دواکەوتنی ھەڵبژاردنی ھەرێم بەتەواوی دەکەوێتە ئەستۆی ئەو".

ناوبراو: "تیشکی خستە سەر ئەوەی گفتوگۆ و ڕاوێژی سەرۆکی ھەرێم لەگەڵ سەرۆک و ئەندامانی دادگای تەمیزی ھەرێم وەک باڵاترین ئۆرگانی ناو دەسەڵاتی دادوەری و وەزیری داد وەک دەزگای پەیوەست بە دادوەری لەناو دەسەڵاتی تەنفیزی لەسەر ئەم پرسە زۆر باش و لەجێی خۆی دابوو، واتا یاسایی و ئاسایی بوو، بۆ ئەوەی بۆچوونی ئەو کەس و دەزگایانە وەربگیرێ کە پسپۆڕ و پەیوەندیدارن، ھەموو ئەمەش بەئامانجی دۆزینەوەی ڕێگاچارەی یاسایی کە زەمینەی پێویست بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بڕەخسێنێ، چونکە ناکرێ دواکەوتنی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن تا سەر ھەروا بەردەوام بێ و دامودەزگاکانی ھەرێم لە بۆشایی ڕەوایەتی ھەڵبژاردن دا بمێننەوە".

ھاوکات دەشڵێت: "ئەرکی سەرشانی ھەموو حزب و لایەنە سیاسیەکانی ھەرێمە لە ڕەخساندنی زەمینەی سیاسی گونجاو بۆ دەربازبوون لەم قۆناغە بەئەرکی سەرشانی خۆیان ھەڵبسن و ھەریەکە و بەگوێرەی پێگە و سەنگ و قەبارەی خۆی ڕۆڵی ئەرێنی و پۆزەرتیڤیانە ببینێ، چونکە ئەنجامدانی ھەڵبژاردن بۆ مانەوه‌ و بەھێزبوونی قەوارەی سیاسی و دەستووری ھەرێم زۆر پێویستە و ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و نوێ بوونەوەی شەرعیەتی دیموکراسی بۆ حوکمڕانی کردن بۆ ھەموو پێکھاتەکانی گەلی کوردستان و بۆ تەواوی حزب و لایەنە سیاسیەکانی ھەرێم باشە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار