سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و وه‌زیرى به‌رگریى به‌ریتانیا كۆبوونه‌وه

میونشن-KDP.info- هه‌ر له به‌رده‌وامیى چالاكییه‌كانیدا له كۆنفرانسى ئاسایشى میونشن له ئه‌ڵمانیا، پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ هه‌ینى نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز گرانت شاپس وه‌زیرى به‌رگریى به‌ریتانیا كۆبووه‌وه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى ئه‌منیى عێراق و ئاڵۆزییه‌كانى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست، ئه‌گه‌ر و لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له غه‌ززه و كاریگه‌رییه‌كانى به‌سه‌ر دۆخى ناوچه‌كه‌وه، به‌تایبه‌تى له عێراق و مه‌ترسییان له‌سه‌ر ئاسایش و ئارامیى وڵات، خرانه به‌ر باس و گفتوگۆ.
هه‌ردوولا جه‌ختیان كرده‌وه كه ده‌بێ ڕێگه نه‌درێت ئاڵۆزییه‌كان بۆ ته‌واوى ناوچه‌كه ته‌شه‌نه بكه‌ن، هه‌روه‌ها هاوڕا بوون كه پێویسته عێراق خۆى له پشێوى و ئاڵۆزییه‌كان به‌دوور بگرێت.
نێچیرڤان بارزانى سوپاس و پێزانینى بۆ یارمه‌تى و پشتگیریى به‌ریتانیا له عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر و شه‌ڕى دژى داعش ده‌ربڕى و جه‌ختى له بره‌ودان به هاریكاریى هاوبه‌ش كرده‌وه.




