سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتەوە هەولێر

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی دوای بەشداریکردنی لە لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە شاری دوبەی گەڕایەوە هەولێر.
ئێوارەی رۆژی پێنجشەممە، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دوای بەشداریکردنی لە لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە شاری دوبەی گەڕایەوە هەولێر.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کاتی گەڕانەوەی لە دوبەی، لەلایەن عومەر بن سوڵتان عولەما وەزیری دەوڵەتی ئیماراتی بۆ کاروباری ژیری دەستکرد، لە فڕۆکەخانە بەڕێکرا.
سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، لە پەراوێزی بەشداریکردنی لوتکەی جیهانیی حکوومەتەکان لە دوبەی، لەگەڵ هەر یەک لە سەرۆکی دەوڵەتی ئیمارات شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، شێخ محەممەد بن راشد ئال مەکتووم، جێگری سەرۆک و سەرۆکوەزیران و حاکمی دوبەی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای دیکەی ئیمارات و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و چەندین بەرپرسی باڵای دیکە کۆبووەوە.
هەروەها سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی لە لوتکەکەدا، گوتارێکی لە بارەی گرنگیی رێزگرتن و دابینکردنی مافەکانی گەلی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهان بە گشتی پێشکەش کرد.




