بۆ نەھێشتنی مەترسی لەسەر ئاوی ژێر زەوی چەند پڕۆژەیەک ئەنجام دەدرێت

ھەولێر _KDP.info_ بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان گوتی: لە سنووری پارێزگای ھەولێر 2500 بیری ئاو ھەیە، بۆیە مەترسی لەسەر ئاوی ژێر زەوی دروست بووە، بڕیارە چەند پڕۆژەیەک جێبەجێ بکرێن و چیتر پشت بە بیری ئاو نەبەسترێت و پشت بە ئاوی سەرزەوی ببەستین.
بەڕێوەبەری ئاوی ھەرێمی کوردستان، ئاری ئەحمەد، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: بەھۆی لێدانی بیری زۆر لەسنووری پارێزگای ھەولێر مەترسی لەسەر ئاوی ژێر زەوی ھەیە، بۆیە ئێستا خەریکی چەند پڕۆژەیەکین بۆ ئەوەی سوود لەئاوی سەر زەوی وەرگرین و فشار لەسەر ئاوی ژێر زەوی کەم بکرێتەوە، لەوانە پڕۆژەی ڕیسایکلین جێبەجێ دەکرێت و سعودیا بەنیازە قەرزێکمان پێبدات پڕۆژەیەکی ئاوی پێ ئەنجام بدەین، پڕۆژەیەکی ئاو لە بەنداوی گۆمەسپان بۆ ڕۆژھەڵاتی ھەولێر بێنین، پڕۆژەی ئیفراز چواریشمان ھەیە کاری لەسەر دەکرێت، کار لەسەر ئەم پڕۆژانە دەکەین بۆ ئەوەی تەواوبن و چیتر پشت بە بیری ئاو نەبەستین و سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگرین، چونکە لە سنووری بەڕێوبەرایەتی ئاوی ھەولێر ھەزار و٤٠٠ بیرمان ھەیە بۆ ئاوی خواردنەوە و لە سنووری ھەولێر بە گشتی ٢ھەزار و ٥٠٠بیر ھەیە، بۆیە گەر لە قۆناغی یەکەم ھەزار بیر دابخرێت کاریگەری زۆر دەبێت و جارێکی دیکە ئاوی ژێر زەوی بەرزدەبێتەوە و مەترسی کەمتر دەبێتەوە.
ئاری ئەحمەد باسی لەوەش کرد: پڕۆژەی ئاوی ڕیسایکلین بودجەکەی کەمبوو لە ٢٢٠ملیۆن دۆلار بۆ ٣٥٠ملیۆن دۆلار زیادکراوە، بۆیە کۆمپانیای یابانی ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ دەکەن، چونکە جاری یەکەم تەندەری بۆ کرا سەرکەوتوو نەبوو، ئێستا جارێکی دیکە تەندەرمان بۆ کردووە و گفتوگۆمان لەگەڵ ٢٠ کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی کردووە بۆ ئەوەی بێن پڕۆژەکە جێبەجێ بکەن کە ٨٤٠ھەزار مەتر سێ جایە، ئەوەی قۆناغی یەکەم ١٠٥ھەزار مەتر سێجایە لە ڕۆژێکدا سەرەتا لە گەڕەکی کوردستان و نەورۆز و ڕەنگین جێبەجێ دەکرێت و بۆ سەوزایی و کشتوکاڵ بەکار دەھێندرێت، ئەو قۆناغە ئاوی ١٠٠ بیر دەگەڕێنێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




