٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لووتکەی جیھانی حکوومەتەکان دەرگایەکی گرینگە بۆ ھەرێم

سەرچاوە: KDP.info

ئیمارات _KDP.info_  ئەندامێکی  شاندی حکوومەتی  ھەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی جیھانی حکوومەتەکان لە ئیمارات گوتی: بەشداریکردنی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و شاندی یاوەری لە لووتکەی جیھانی حکوومەتەکان لە ئیمارات زۆر گرنگە و کردنەوەی دەرگایەکە بۆ ھەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی کۆمپانیا و وەبەرھێنەری بیانی بێنە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان لە ھەموو سێکتەرەکاندا بکەن، چونکە ھەرێمی کوردستان ھەم ھەرێمێکی سەقامگیرە و ھەم دەرفەتی وەبەرھێنانی زۆرە، وەبەرھێنەری بیانی دەتوانن بێن کاری وەبەرھێنان ئەنجام بدەن،

ھەم بۆ خۆیان و ھەم بۆ ھەرێمی کوردستان و خەڵکی ھەرێمی کوردستان قازانجی تێدایە.

دکتۆر محەمەد شوکری: ئەندامی شاندی حکوومەتی  ھەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە لووتکەی  جیھانی حکوومەتەکان لە ئیمارات، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەو لووتکەیە ساڵانە ئەنجام دەدرێت لەڕووی سیاسی و ئابوری و بۆ حکومەتەکانیش زۆر گرنگە، چەندین ساڵە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەشداری لەو لووتکەیەدا دەکات، ئێستاش سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ٢٥ سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتان و زیاتر لە ٣٠٠ وەزیر و بیرمەند و ئابوریناس و سیاسەتمەداری جیھان بەشدارن، بۆیە ئەم لووتکەیە کاریگەری زۆرگرنگی ھەیە لەسەر ڕێکخستنەوەی کاروباری حکوومەتەکان، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەشداری لە چەندین دیدار کردووە و وتاری پێشکەش کردووە و باسی زۆر پرسی ئابووری وسیاسی کردووە، سەرۆکی حکوومەت لە دیدارەکان و لە وتارەکەشیدا باسی لەوە کردووە ھەرێمی کوردستان سەقامگیرە و لەگەڵ سەقامگیری ناوچەکەشدایە و ھیچ کات نابێتە ھەڕەشە بۆ ھیچ لایەنێک.

دکتۆر محەمەد شوکر باسی لەوەش کرد: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە فەرمیی بانگێشتی ئەو لووتکەیە کراوە، ئەمە خۆی گرنگی زۆری بۆ ھەرێمی کوردستان ھەیە و سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەگەڵ سەرکردەی وڵاتان لە دانیشتنەکانی خۆی لەگەڵ ئەو وڵاتانە بووە کە کاریگەرن،  وەکو سەرۆکی وڵاتی ئیمارات و تورکیا، بۆیە ئەمە خۆی ئەوە نیشان دەدات ھەرێمی کوردستان لە ناوچەکەدا کاریگەری خۆی ھەیە و ڕێزی تایبەت لە سەرۆکی حکوومەت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگرن لە سەرجەم دیدارەکان، پێگەی ھەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگە.

شوکری باسی لەوەش کرد: حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەو لووتکەیە دەیەوێت پاڵپشتی چەند سێکتەرێکی گرنگ بەدەست بێنێت لەلایەن وڵاتانەوە، ژمارەیەکی زۆری کۆمپانیا بانگھێشتکراون بێنە ھەرێمی کوردستان وەبەرھێنان بکەن، چونکە ھەرێمی کوردستان دەرفەتی زۆر باشی وەبەرھێنانی لە بواری کشتوکاڵ، پیشەسازی، گەشتوگوزار و کەرتەکانی دیکە ھەیە، بۆیە کۆمپانیاکان لەبەر دوو ھۆکار دەیانەوێت بێنە ھەرێمی کوردستان یەکەم سەقامگیرە و دووەمیش ناوچەیەکی گونجاوە بۆ کارکردن و کەشێکی لەبارەی ھەیە بۆ کاری وەبەرھێنان و دەتوانن قازانجیان بۆ ھەرێم و بۆ خۆیشیان ھەبێت، بۆیە پێویستمان بەوە ھەیە سەرمایەی وڵاتان بێنین بۆ ھەرێمی کوردستان کار لە ھەموو سێکتەرەکان بکەن و بگەینە ئاستێک چیتر پێویستمان بە ھاوردە نەبێت و خۆمان پێداویستی ناوخۆ پڕبکەینەوە و ببینەی ھەرێمێک ھەناردەمان هەبێت لە جیاتی ھاوردە.

سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان گوتیشی: ھەر وەبەرھێنەرێک بێتە ھەرێمی کوردستان قازانجەکانیان دوولایەنە بۆ ھەرێمی کوردستان و بۆ ئەوانیش، لەبەر ئەوەی ھەر کارگەیەک دروست بکرێت ڕاستە ئەوان سود و قازانجی لێ دەکەن، بەھەمان شێوە ھەرێمی کوردستان و خەڵکی ھەرێمی کوردستانیش سودی لێ وەردەگرن، بۆیە بەنیازین ڕێکخستنەوەی بۆ بکەین، ئەو کات قازانجی زیاتری بۆ ھەردوولا دەبێت، چونکە وەبەرھێنەری بیانی دێنە ھەرێمی کوردستان ھەندێک جار خۆیان پڕۆژەیان ھەیە و ھەندێکیش ھەرێمی کوردستان خۆی پڕۆژەی ھەیە دەداتە وەبەرھێنەری بیانی، ئێمە ڕێبەری وەبەرھێنانمان ھەیە و ھەموو زانیاریێکی تێدایە بۆیە دەرگایەکی باش بۆ وەبەرھێنەری بیانی کراوەتەوە بێن لە ھەرێمی کوردستان کاری وەبەرھێنان بکەن، ئامانجی ئێمە ڕاکێشانی زۆرترین وەبەرھێنەری بیانییە بۆ ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە وتاری خۆیشی باسی لەوە کرد: نابینە ھەڕەشە بۆ سەر ھیچ وڵاتێک و دەیەوێت ھەرێمی کوردستان پەیوەندی لەگەڵ وڵاتان ھەبێت و ھاوسەنگی ھەبێت لە پەیوەندی لەگەڵ ھەموو وڵاتان، ھەر بۆیە ھەرێم ھەمیشە فاکتەری سەقامگیرییە بۆ ناوچەکە.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار