٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارتی دەیەوێت پارێزگارێکی کوردی جێگەی ڕەزامەندی ھەموو پێکھاتەکان بۆ کەرکووک دابنرێت

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک _KDP.info_ ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان کەرکووک _ گەرمیان  گوتی: پارتی دیموکراتی کوردستان  لەگەڵ  یەکێتی  و لایەنەکان لە گفتوگۆ و دانوستان دایە بۆ ئەوەی ڕێکبکەون لە سەر دانانی پارێزگارێکی کورد کە جێگەی  ڕەزامەندی ھەموو پێکھاتەکان بێت، مەرج نییە ئەو کەسە سەر بە حیزبێکی دیاریکراو بێت گرنگ ئەوەیە بەبێ جیاوازی خزمەتی ھەموو پێکھاتەکان بکات.

ئەندامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی  کوردستان کەرکووک _ گەرمیان، لوقمان حوسێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان سورین لەسەر ئەوەی پارێزگارێکی کوردی کوردپەروەری تەکنوقراتی جێگەی ڕەزامەندی بێت لەلایەن ھەموو پێکھاتەکانی تورکمان و عەرەب و کورد و کۆکەرەوەی ھەمووان بێت و کەسێکی دەست پاک بێت، مەرج  نییە سەر بە حزبێک بێت گرنگ ئەوەیە کوردپەروەر بێت و لەسەر ئەو بنەمایە داوای ڕێککەوتن کراوە و دانوستان بەردەوامە، ئێمە لەگەڵ یەکێتی بەردەوامین بۆ ئەوەی  بگەینە ڕێککەوتن و لەسەر ئاستی باڵاش لە پارتی لیژنەیەک پێکھاتووە لەگفتوگۆی بەردەوام دایە بۆ ئەوەی پارێزگارێک بۆ ھەموو خەڵکی کەرکووک دابندرێت، دەکرێت کەسێک بێت بێلایەن بێت، گرنگە ئەوەیە دڵسۆز و کوردبێت و خزمەتی ھەموو پێکھاتەکان بکات.

لوقمان حوسێن گوتیشی: لەگەڵ یەکێتیش لەسەر ھیچ  کەسێک نەگەیشتووینەتە ڕێککەوتن و ھێشتا لە دانوستان و گفتوگۆداین و ئومێد دەکەین بگەینە ڕێککەوتن و کەسێک لەسەر ئەو بنەمایەی پارتی دەیەوێت دیار بکرێت، بۆ ئەوەی خزمەتی شاری کەرکووک و کەرکووکییەکان بکات.

حوسێن باسی لەوەش کرد: بەپێی یاسا دەقێک ھەیە باس لەوە دەکات ئەنجامی ھەڵبژاردن نابێتە بنەما بۆ  دانانی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک، پێویستە ھەموو پرسەکان بەڕێککەوتن بێت و ھیچ پێکھاتەیەک  فەرامۆش نەکرێت، بۆیە ھەمووان لە دانوستاندان و ھێشتا نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی ئەنجوومەن کۆببێتەوە و پرسەکان یەکلایی بکرێنەوە،  بەڵام لە نێوان ئێمە و یەکێتی لێکنزیکبوونەوە ھەیە بۆ ئەوەی پارێزگارێکی کوردی کوردپەروەر و جێگەی ڕەزامەندی ھەموو پێکھاتەکان دابندرێت، بۆ ئەوەی بەھەماھەنگی لەگەڵ ئەنجوومەن باشترین خزمەتگوزاری پێشکەشی ھەموو پێکھاتەکان بکەن.

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار