بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی پیرۆزبایی لە یەکێتیی نووسەران دەکات

ھەولێر _KDP.info_ بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا پیرۆزبایی لە یەکێتیی نووسەران دەکات.
دەقی پەیامەکەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان:
بەڕێزان لە یەکێتیی نووسەرانی کورد
سڵاوی گەرم
بەبۆنەی (٥٤)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتی نووسەرانی کورد گەرمترین پیرۆزبایی لە ئێوەی ھێژا و تەواوی ئەندامانی ئازیز و نووسەر و ئەدیبانی کوردستان دەکەین، ئاواتەخوازین وەک ھەمیشە بەوپەڕی دڵسۆزییەوە لە خزمەت وشەی ڕەسەنی کوردیدا بن.
یەکێتیی نووسەرانی کورد لە ساتی دامەزراندنییەوە تا ئێستا وەک ڕێکخراوێکی تێکۆشەر و بەھەڵوێست ھەردەم لەگەڵ ھێڵی شۆڕش و بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان و لە خزمەت ئەدەبیاتی کوردیدا بووە، لەو پێناوەشدا پۆلێک شەھیدی نەزری نیشتمان کردووە، کە لەم یادە پڕمانایەدا بە نەوازشەوە یادیان دەکەینەوە و لە ئاست بەرھەمی تێکڕای نووسەرانی کوردیشدا ڕێز دەنوێنین.
پیرۆز بێت (٥٤) ساڵەی تەمەنی پڕ لە بەرھەمی یەکێتیی نووسەرانی کورد، ھیواخوازین ھەر سەرکەتووبن..
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
١٠ـی شوباتی٢٠٢٤




