٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ناحیەی دێرەلۆک چەندین پڕۆژەی گەشتیاری جێبەجێ دەکرێن

سەرچاوە: KDP.info

بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلۆکی سەر بە قەزای ئامێدی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: بەھۆی ھەڵکەوتەی ناوچەکە بۆ پڕۆژەکانی گەشتوگوزار بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژەی گەشتوگوزاری لە سنووری شارەدێی دێرەلۆک جێبەجێ بکرێن کە کاریگەرییان لەسەر ھەلی کار و ئاوەدانی سنوورەکە دەبێت. 

ڕێبەر سادق، بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلۆک بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سنووری ناحیەی دێرەلۆک بەھۆی ئەو سروشتەکەی شوێنی زۆر گونجاوی بۆ پڕۆژەکانی گەشتوگوزار ھەیە، ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی بە ناوچەیەکی گەشتیاری ناسراوە، لەبەر ئەوەیش بڕیارە ژمارەیەک پڕۆژەی گەشتیاری لە ناحیەی دێرەلۆکی سەر بە قەزای ئامێدی بخرێنە بواری جێبەجێکردن کە ھەندێک لەو پڕۆژانە پڕۆژەی ستراتیژین. 

بەڕێوەبەری ناحیەی دێرەلۆک گوتیشی: حکوومەت ھەموو ئاسانکاریەک بۆ کەرتی تایبەت دەکات لەپێناو ئەنجامدانی پڕۆژەکان و بڕیارە لە بانی چەلکێ پڕۆژەیەکی گەورەی گەشتیاری بخرێتە بوار جێبەجێکردن، ھەروەھا لە سەنتەری ناحیە پارکێکی سەردەمیانە دروست دەکرێت، هاوکات چەندین پڕۆژەی دیکەی کەرتی گەشتوگوزار لە پلاندان بۆ جێبەجێکردن.

ڕێبەر سادق ڕوونیکردەوە: ئەنجامدانی پڕۆژەی گەشتیاری لە دێرەلۆک کاریگەری لەسەر ڕەوشی گەشتوگوزار دەبێت و ھەلی کار بۆ ھاووڵاتیانی دەڤەرەکە دەڕەخسێنێ، ھەروەھا ھاتنی ڕێژەی گەشتیاریش بۆ ناحیەکە زیاد دەکات کە ساڵانە گەشتیارێکی زۆر  بەمەبەستی گەشت و گوزار سەردانی دێرەلۆک دەکەن. 

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار