لیژنەی ئاسایش وبەرگری، دواین کۆبوونەوە ئەنجامدەدەن و ڕاپۆرتی خۆیان دەدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمان

بەغدا _KDP.info_ جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی: بڕیارە کۆبوونەوەی کۆتایی ئەنجام بدەن و ڕاپۆڕتی خۆیان بدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمان، بۆ کشانەوەی ھاوپەیمانانیش حکوومەت بڕیار دەدات نەک ھەندێک حزب و لایەن، چونکە حکوومەت لە ھەموو پێکھاتەکان دروست بووە و ئێستا عێراق پێویستی بە ھێزەی ھاوپەیمانان ھەیە.
سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ھۆکاری دواکەوتنی کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکانی ھەولێر بۆ ئەو ڕووداوانەی بەردەوام ھەن دەگەڕێتەوە، بۆیە لە ماوەیەکی نزیکدا کۆدەبنەوە و ڕاپۆرتی خۆیان ئامادەدەکەن و ھەندێک پێشنیار دەنووسن و دەیدەنە سەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق، بۆیە بەردەوام دەبن لە بەدواداچوونەکان تا دەگەنە ئەنجامێک.
سەگڤان سندی گوتیشی: گفتوگۆی نێوان ئەمەریکا و عێراق و ھەرێمی کوردستان لەڕووی ئەمنییەوە بەردەوامە و کاتی زۆری دەوێت، چونکە زۆر بابەت ھەیە گفتوگۆی لەسەر بکرێت و کشانەوەی ھێزی ھاوپەیمانانیش لە عێراق هێندە ئاسان نییە و بڕیاردان ناکرێت ھەر وا سانا بێت، ئەمە کۆمەڵێک پرسی پێکەوەگرێدراوە، وەکو ئەمنی و ئابووری و لۆجستی و پرسی دیکەیش.
سندی باسی لەوەش کرد: ھەر بڕیارێک بدرێت پێویستە حکوومەت بڕیاربدات و ئاسان نییە، بۆیە کاری چەند حزبێک نییە ئەو بڕیارە بدەن، کاری حکوومەتی فیدراڵە کە لە ھەموو پێکھاتەکان پێکھاتووە، پێویستە پێکەوە بەرپرسیارێتی هەڵبگرن و بڕیارێک بدەن لە بەرژوەندی عێراق دابێت.
دەشڵێت: کشانەوەی ھاوپەیمانان لەم بارودۆخەدا کارێکی ھەڵەیە و پێویستە جارێ بمینێنەوە و ناکرێت لەو دۆخەی ئێستدا بکشێنەوە، چونکە بارودۆخی عێراق باش نییە و پێویستی بە ھاوپەیمانان ھەیە، بۆیە جارێ ناکرێت بڕیار بدرێت ھێزی ھاوپەیمانان لە عێراق بکشێتەوە.
بڵند ئیبراھیم




