٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەلی حوسێن: لەگەڵ ئەوەداین پارێزگارێکی کوردی بێلایەن بۆ کەرکووک دەستنیشان بکرێت

سەرچاوە: KDP.info

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان: بۆچوونی خۆمان بە یەکێتیی گوتووە، ئەویش دانانی پارێزگارێکی بێلایەنی نیشتمانییە بۆ کەرکووک لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا.

عەلی حوسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی لە پارێزگای هەڵەبجە، ڕایگەیاند: ئێمە شاندێکی باڵای پارتی سەردانی یەکێتی نیشتمانی کوردستانمان کرد، کۆمەڵێک تەوەری گرنگمان باس کرد لەبارەی هەڵبژاردن و بابەتی کەرکووک و پارێزگاری کەرکووک، یەکێتی ئامادەییان دەربڕی چیدی کاتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن دوا نەکەوێت.

گوتی: ئێمە بۆچونمان بۆ یەکێتی ئەوەبوو پارێزگارێکی کوردی نیشتمانپەروەری بێلایەن بۆ کەرکووک دابندرێت کە هەردوو حزب پاڵپشتی لێبکەین، پارێزگارێک نەبێت هی لایەنێکی دیاری کراو بێت، هاوکات داکۆکی لە کوردستانیبوونی کەرکووک و پێککەوە ژیان لە شارەکە بکات بە عەرەب و تورکمان و کریستیانەوە.

عەلی حوسێن گوتیشی: لە بارەی هەڵبژاردنەکانەوە چاوەڕوانی بڕیاری ڕۆژی 18 شوباتین .. دادگای فیدڕاڵی بڕیار بدات، وەک پارتی لەگەڵ ئەوەین لەو کاتەی دیارکراوە هەڵبژاردن بەڕێوە بچێت، نابێت لە مانگی شەشی ئەمساڵ زیاتر دوابکەوێت،  چونکە کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق تەمەنی یاساییان تەواو دەبێت، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش کاتی ئەوەی نابێت بۆی نوێ بکاتەوە.

ئەگەر بێت و هەڵبژاردن زیاتر دواخرا ئەوە داوا لە لایەنە سیاسییەکان دەکەین، پێکەوە بڕیارێکی یەکگرتوو بدەین .. چی لە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە ئەو هەنگاوە بنێین، هەڵبژاردن پێگەی کوردستان لەڕووی دیموکراسییەوە بەهێز دەکات.

گوتیشی: جووڵە دیپلۆماسییەکانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکوومەت، کاریگەریان هەیە لە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، کۆڕبەندی داڤۆس کاریگەری گەورەی هەبوو لە گەیاندنی دەنگی گەلی کورد بە ناوەندە نێودەوڵەتییەکان، لەو مەترسیانەی ڕووبەڕووی قەوارەی دەستووری کوردستان دەبنەوە، وە بەشداری سەرۆکی حکوومەت لە لووتکەی حکوومەتەکان لە دووبەی بۆ دیلۆماسیەتی کورد گرنگە و چەندان کۆبونەوەی گرنگی ئەنجام داون.

عەزیز ڕەسووڵ

هەواڵی پەیوەندیدار