ئەمساڵ تەنیا لە یەک مانگدا زیاتر لە ٢٧٠ مامەڵەی بازرگانی ئەنجامدراوە

ھەولێر _KDP.info_ بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: بەھۆی ئەو ھەوڵە بەردەوامانەی دەدرێن لەمساڵدا ھەر لە سەرەتاوە جموجۆڵی بازرگانی زیادی کردووە، بەجۆرێک لە مانگی یەکی ئەمساڵدا زیاتر لە ٢٧٠ مامەڵەی بازرگانی ئەنجامدراوە.
بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نەوزاد شێخ کامیل، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئەو پێشنیارانەی کراون بۆ زیادکردنی ماددەکانی بەشە خۆراکی مانگانە پێویستیان یاسای بودجەیە ھەموار بکرێتەوە و تێیدا بودجەی بۆ دیار بکرێت بۆ ئەوەی بتواندرێت ماددەی خۆراکی زیاد بکرێت، ئەگەرنا ناتواندرێت بێ دابینکردنی بودجە ھیچ ماددەیەکی خۆراکی زیادبکرێت، بۆیە تەنیا لە مانگی ڕەمەزان چوار ماددەی خۆراکی زیاددەکرێت ئەوانیش ئاردی سفر و مەعکەڕۆنی و نیشاستە و شەعریەیە.
نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: ئەمساڵ جموجۆڵی بازرگانی زۆر باشترە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە، تەنیا لە مانگی یەکی ئەمساڵ ٢٧٠ مامەڵە زیاترە و بەردەوامیش کار دەکەین بۆ ئەوەی جوموجۆڵی بازرگانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتان زیاتربێت.
شێخ کامیل باسی لەوەش کرد: ئەگەر دۆخی ئابووری باش بێت دۆخی بازرگانیش باشتر دەبێت، چونکە خراپی دۆخی ئابووری کاریگەری خۆی ھەیە، بۆیە دۆخی ئابووری چەند باش بیت جموجۆڵی بازرگانیش زیاتر دەبێت.
بڵند ئیبراھیم




