٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لیژنەی ئاسایش و بەرگری: کشانەوەی ھێزەکانی ھاوپەیمانان لە عێراق ئاسان نییە و ئەگەر بکشێنەوەش چەند ساڵێکی پێویستە

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا _KDP.info_ جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی: سبەی کۆبوونەوەیەکی دیکەی ئەمنی لە نێوان ھاوپەیمانان و عێراق و بە بەشداری ھەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت، هیچ لایەنێکیس کشانەوەی ھاوپەیمانانی پێ خۆش نییە، جگە لە کورد ئەوانەی دیکە بە ئاشکرا باس ناکەن، چونکە عێراق ھێشتا پێویستی بە ھێزەکانی ھاوپەیمانان ھەیە و کشانەوەشیان وا ئاسان نیە و ئەگەر بکشێنەوەش چەند ساڵێکی پێویستە.

سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لەو گفتوگۆیانەی لە نێوان ئەمەریکا و عێراق دەکرێن ھەرێمی کوردستان لە ھەموویان بەشدارە و ھەر کۆبوونەوەیەک بکرێت نوێنەری حکوومەتی ھەرێم بەشداری دەکات، گفتوگۆی باش کراوە و ھەرێمی کوردستانیش ڕای تایبەتی خۆی ھەیە، چونکە نەک تەنیا کورد بگرە سونە و شیعەش لەگەڵ مانەوەی  ھێزەکانی ئەمەریکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان، بەڵام ھەر یەکێک لەبەر ئەوەی دیکە باس ناکات، بەڵام ھەڵوێستی کورد ئاشکرایە و دیارە نایەوێت جارێ بکشێتەوە، لەبەر ئەوەی کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق ئاسان نییە و پێویستی بە جۆرە ڕێککەوتنێکە چەند ساڵێک بخایەنێت تا بە یەکجاری دەکشێنەوە، نەک بە جارێک، ئەوە دەبێتە شکستی ئەمەریکا ئەوانیش ئەمە ناکەن. 

سەگڤان سندی گوتیشی: بڕیارە سبەی کۆبوونەوەیەکی دیکەی ئەمنی لە نێوان ئەمەریکا و عێراق بە بەشداری ھەرێمی کوردستان بەڕێوە بچێت، ھەر بۆیە  ناتواندرێت بڕیاربدرێت ھاوپەیمانان لە عێراق بکشێنەوە، چونکە جارێ عێراق پێویستی بە ھاوپەیمانان ھەیە لەم بارودۆخەی ئێستا کە مەترسی لە سەر عێراق ھەیە، بۆیە ئەوەی دەگوترێت تەنیا بە قسەیە و بە کردار زەحمەتە و لایەنەکانیش پێیان باش نییە ئەمەریکا بکشێتەوە. 

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار