٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
شرۆڤه‌ و بۆچوون

لە ئاشتی نێوان پەكەكە و دەوڵەتەوە بۆ هاوپەیمانی كورد و تورك

سەرچاوە: KDP.info

قەدری گۆرسەل

ئاشتی بە یەك وشە و وەكو یەك وشە زۆر دڵخۆشكەرە، وشەیەكی بەنرخ و پیرۆزە و یەكێكە لە ئیدەئالە هەرە سەرەكییەكانی مرۆڤایەتی. بەڵام ئەگەر وشەیەكی دیكە وەكو باشی لە سەر زیاد بكەین ئەوا دەبێتە وشەیەكی مێژوویی و بۆ هەر كەس دەبێتە خاوەن نرخ و روومەتێكی گرنگ. بۆ نموونە ئاشتییەكی باش. ئاشتییەكی باش ئاشتییەكی مایەندە و هەمیشەییە و بۆ هەركەس سوودی هەیە.

وابزانم كۆمەڵگەی كوردی و توركی دوو كۆمەڵگەن كە حەزیان لە ئاشتییەكی مایەندە یا ئاشتییەكی باشە. كاتێك كە باسی ئاشتییەكی باش دەكەم مەبەستم ئەوە نییە كە ئاشتی خراب و نەباشیش هەیە، بێگۆمان ئەگەر ئاشتییەكی بەمجۆرە هەبێت تەمەنی زۆر كورتە.

من دەتوانم ئەو پەیامەی ئوجەلان كە لە رۆژی نەورۆز لە شاری دیاربەكر لە بەرچاوی بە میلیونان كەسەوە خوێندرایەوە وەكو پەیامێك بۆ ئاشتییەكی باش و ئەبەدی وەسف بكەم. بە پێ پەیامەكەی ئوجەلان ئیمە وەكو كۆمەڵگەی كوردی و توركی نزیكی قۆناخێكی زۆر گرنگ و بە نرخی ئاشتەوایی بوونەتەوە كە ئەگەر بتوانین وەكو پێویست ئەركی سەرشانی خۆمان جێبەجێ بكەین ئەوا دەگەنە ئاشتییەكی مایەندە و ئەبەدی بۆ هەر دوولا.

ئوجەلان لەم پەیامەی خۆیدا رێبازی و كاتی گەیشتن بە ئاشتی و هەروەها چۆنیەتی سەپاندن و زاڵ كردنی ئاشتی دەستنیشان كردووە بەڵام كێشەیەكی پەیامەكەی ئوجەلان هەبوو و ئەویش ئەوە بوو كە ئوجەلان لەم پەیامەدا ئاماژەی بە نەخشەرێگای خۆی بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان نەكردبوو. وا بزانم لە بەر چەندین هۆكاری سیاسی ئوجەلان لەم پەیامەی خۆیدا باسی نەخشەرێگای چارەسەر كردنی نەكردبێت.

خاڵێكی زۆر گرنگی پەیامەكەی ئوجەلان ئەوە بوو كە ئوجەلان لە نێو رست بە رستی پەیامەكەی خۆیدا ئیرادە و جەسارەتێكی بەهێزی بۆ سەپاندنی ئاشتی نیشان داوە. نیشاندانی ئیرادە لە لایەن ئوجەلانەوە وەكو نوێنەری لایەنی كوردی بۆ رای گشتی توركیا بە تایبەتی دەوڵەتی توركیا شتێكی زۆر گرنگ بوو. ئەگەر ئوجەلان ئیرادە و جەسارەتی خۆی بۆ چارەسەر كردنی نیشان نەدابایا رەنگە دەوڵەت زوو بە زوو ئامادە نەدەبوو كە لەگەڵ پەكەكەدا ئاشت ببێتەوە.

ئوجەلان لە پەیامەكەی خۆیدا ئاماژەی بەو هەنگاوانە كرد كە لایەنی كوردی ( مەبەست پەكەكەیە) دەبێت جێبەجێیان بكات. بۆ نموونە وتی: كاتی چەك و شەڕی چەكداری بە كۆتایی هاتووە و كات كاتی سیاسەت و رادەبڕینی بیروڕا و فێكری سیاسییە. بۆیە پێویستە پەكەكە هێزەكانی خۆی لە نێو سنوورەكانی توركیادا بكێشێتەوە. ئەمە دوو هەنگاوی گرنگن كە لایەنی كوردی ئامادەیە جێبەجێیان بكات. بەڵام لە بەرامبەریشدا دەبێت لایەنی توركیش چەندین هەنگاو بنێت. چوونكە ئاگربەست و ئاشتی بە شێوەیەكی یەك لایەنە نابێت. ئەگەر دوەڵەتی توركیا لە بەرامبەر هەنگاوەكانی پەكەكە و ئوجەلاندا هەنگاوی ئیجابی بنێت و زەمینە بۆ ئاشتەوایی نێوان دەوڵەت و پەكەكە فەراهەم بكات ئەوا كات دەبێتە كاتی هاوپەیمانیەتی كورد و تورك.

وا بزانم كاتێك كە كورد و تورك ببنە هاوپەیمانی یەكتر بێگۆمان ئەوكاتە دەبێتە كاتی گەشاوە بوونی ئەستێرەی بەختی هەر دوو لا و نەتەنیا لە رۆژهەڵاتی ناوەراست بەڵكو لە دونیادا كورد و تورك یا هاوپەیمانی كورد و تورك دەبێتە یەكێك لەو فاكتەرە گرنگانە كە دەتوانێت كاریگەری لە سەر هاوسەنگییە سیاسییەكان بكات و هاوسەنگییەكانیش بگۆڕێت.

گەیشتنی كورد و تورك بە قۆناخێكی بەمجۆرە گرێدراوی توافوق و پێكهاتنی دەوڵەتی توركیا و پەكەكەیە. ئەم قۆناخەی ئیستا كە سەرۆك وەزیری توركیا ناوی ناوە قۆناخی چارەسەری، زەمینەیەكی لەبارە بۆ گەیشتنی دەوڵەت و پەكەكە بە توافوقێك. ئوجەلان وەكو چاوەڕوان دەكرا ئەركی سەرشانی خۆی جێبەجێ كرد. لەمەو بەدواوە دەبێت پەكەكە و دەوڵەت بە پێ بەرنامە و نەخشەرێگایەك بە شێوەیەكی دوو لایەنە بە نانی هەنگاوی ئیجابی هەنگاوەكانی یەكتر بۆ چارەسەر كردنی ئەم پرسە بەهێزتر بكەن. ئەوەی كە هەر دوو كۆمەڵگە لە دەوڵەت و پەكەكە چاوەڕوانی دەكەن، راگرتنی شەڕ و چارەسەر كردنی ئەم پرسە و سەپاندنی ئاشتییە. كۆمەڵگەی كوردی و توركی هەر چەند خاوەن جیاوازیش بن بەڵام خاڵێكی هاوبەش كۆیان دەكاتەوە ئەو خاڵەیش ئاشتی و ئاشتەواییە. ئەگەر دەوڵەت و پەكەكە دەیانەوێ كۆمەڵگاكانیان ئاسوودە بن ئەوا دەبێت زۆر بە خێرایی و وریاییەوە هەنگاو بۆ سەپاندنی ئاشتی و ئاشتەوایی بنن.

سەرچاوە: میللیەت

 

هەواڵی پەیوەندیدار